"بڕیارەکە بۆ کارئاسانی ھاوڵاتیانە"
گواستنەوەی نەخۆشخانەیەک لە دەربەندیخان مشتومڕ لە نێوان کارمەندان و بەڕێوەبەری تەندروستی دروستدەکات
964+
میلاد جەلال_گەرمیان
بڕیاری گواستنەوەی بنکەی تەندروستی شەھید حەمید لە گەڕەکی شارەوانی قەزای دەربەندیخان بۆ گەڕەکی ھەوارەبەرزە، کارمەندان و پزیشکانی نەخۆشخانەکەی نیگەران کردوە، بەڕێوەبەری تەندروستی قەزاکەش دەڵێت، بۆ کارئاسانی ھاوڵاتیان ئەو بڕیارەیان داوە.
گۆران ویسال، کارمەندی نەخۆشخانەی شەھید حەمید بە 964ى وت، ئەگەر ئەم نەخۆشخانەیە بگوازرێتەوە بۆ گەڕەکی ھەوارە بەرزە، دەچێتە تەنیشت نەخۆشخانەی شەھید تۆفیق، بەمەش گەڕەکێک دوو نەخۆشخانەی دەبێت و شەش گەڕەکی دیکەش لە نەخۆشخانە دوردەکەونەوە.
وتیشی “پێویستە ھەموو ھاوڵاتیەک بەیەکسانی دەستیان بگات بە نەخۆشخانەکان و بەشێوەیەکی یەکسان نەخۆشخانەکان لە نێوان گەڕەکەکان دابەشبکرێت”.
لایخۆشییەوە، د.سازان ئیبراھیم، بەڕێوەبەری تەندروستی دەربەندیخان بە 964 ى وت، ئەو بنکەیە خەڵک رووی تێناکات، ھاوڵاتی سەرئێشەیەکی ھەبێت دەڕوات بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەھید تۆفیق، فریاکەوتنیش تەنیا بۆ حاڵەتی لەناکاوە”.
دەشڵێت “بۆ ئەوەی ئەو لۆدەی سەر نەخۆشخانەی فریاکەوتن کەمکەینەوە، بڕیاری گواستنەوەی ئەم نەخۆشخانەیەمان داوە، ھاوڵاتیانیش دەتوانن بەشێوەیەکی باشتر چارەسەرەکانیان وەرگرن، چونکە لەپێناو ئەوان ئەو بڕیارەمان داوە”.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن