بەرهەمە کشتوکاڵیەکانی خوێندکارانی کفری نمایشکران

+964

هونەر فارس – کەلار

شیری وشککراو و مریشکە ڕەشە و هەنگوینی خۆماڵی و چەندین بەرهەمی دیکەی خوێندکارانی کۆلێژی کشتوکاڵی کفری نمایشکرا

ئەمڕۆ 6.3.2023 یەکەمین فێستیڤاڵی نمایشکردنی بەرهەمی خوێندکارانی کۆلێژی کشتوکاڵی کفری لە ناو بینای کۆلێژەکە لە قەزای کفری بەڕێوەچوو.

فێستیڤاڵەکە زیاد لە 20 پڕۆژەی کشتوکاڵی تێدا نمایشکرا، ئامانج لە فێستیڤاڵەکە دەرخستنی توانای خوێندکاران و برەودانە بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە ببێتە سەرچاوەیەکی بژێوی و ڕەخساندنی هەلی کار لە کەرتی کشتوکاڵدا.

سازگار شوان، خوێندکاری قۆناغی سێیەمی کۆلێژی کشتوکاڵە و بە بەرهەمهێنانی شیری وشک بەشداری لە فیستیڤاڵەکەدا کردووە و بەتۆڕی 964ی وت، “شیری وشکی بێ چەوری و پڕ چەوریمان هەیە، هەروەها هەمانە بە تام و ڕەنگی جیاواز، شیرەکەمان سروشتیە و هیچ مادەیەکی کیمیایی تێدا نیە و زۆر تەندروستە و ئامادەیە بۆ خواردن.

ئەو بەرهەمانەی لە فێستیڤاڵەکەدا نمایشکران زیاترپێکهاتبوون لە مریشک، شیری وشککراو، میوەی وشککراو، هەنگوین و پڕۆژەی بەرهەمهێنانی قارچک  پێکهاتبوون.

نور قاسم، خوێندکارێکی دیکەی قۆناغی دووەمی کۆلێژەکەیە و لە شیر و بەرهەمە خۆماڵیەکانی دیکە شیرینی دروستکردووە و لە فێستیڤاڵەکەدا دەیفرۆشێت.

ئەو پێی وایە ئەگەر دەستی خوێندکارانی بگیرێت دەتوانن لەڕێگەی بەرهەمە کشتوکاڵیەکانەوە ببنە خاوەن بزنسی خۆیان.

کۆلێژی کشتوکاڵی کفری ماوەی هەشت ساڵە دامەزراوە و ئەمساڵ بۆ یەکەم جار بەرهەمە کشتوکاڵیەکانی لە فێستیڤاڵێکدا نمایشکرد.