لەسەریان نوسراوە نزیکی نەبنەوە

دیواری 17 قوتابخانەی دەربەندیخان مەترسی رووخانیان ھەیە

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

لە سەر دیواری ژمارەیەک قوتابخانەی دەربەندیخان، بە بۆیاخی سوور نوسراوە “سەیارە رامەگرە دیوارەکە مەترسی روخانی ھەیە” پەروەردەی قەزاکەش دەڵێت، لەسەر راسپاردەی وەزارەت ئەو نوسینانەمان نوسیووە بۆ ئەوەی ھاوڵاتیان ئاگاداربن.

ھاوار حەمید، بەڕێوەبەری پەروەردەی دەربەندیخان بە 964ـی وت، بە بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردە کە بۆ پەروەردەی سەرجەم شارەکان نێردراوە، پێمان وتراوە ئەو قوتابخانانەی کە مەترسیان ھەیە لەسەر ژیانی قوتابیان و ھاوڵاتیان دیارییان بکەن.

“لە دەربەندیخان 17 قوتابخانەمان دیاریکردووە کە دیوارەکانیان مەترسی رووخانیان ھەیە، زۆرینەشیان بەھۆی بومەلەرزەکەی ساڵی 2017 زیانیان پێگەیشتووە، لەئەگەری ھەر رووداوێکی دیکەی سروشتی ئەگەری رووخانیان ھەیە ئەو دیوارانە”،ھاوار حەمید وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەبەر پاراستنی گیانی ھاوڵاتیان و قوتابیان ئەو نوسراوانەمان نوسیووە، بۆئەوەی قوتابیان نزیکی ئەو دیوارانە نەبنەوە و مامۆستای قوتابخانەکانیشمان ئاگادارکردووەتەوە کە چاودێری منداڵەکان بکەن.

سلێمان محەمەد، قایمقامی قەزاکە و بەڕێوەبەری پەروەردەش، جەختیان لەوەکردەوە، ھەوڵەدەن بەزوترین کات ئەو دیوارانە نۆژەنبکەنەوە و نوسراویان بۆ سەرووی خۆیان کردووە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی