گەڕاندنەوەی ژمارەیەک کۆچبەر لە لیبیاوە - فۆتۆ: ئەرشیفی 964
بە نایاسایی چوونەتە ئەوێ
70 عێراقی لە لیبیا دەگەڕێندرێنەوە
+964
ئەرسەلان عەبدوڵا
باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا تەواوبوونی رێکارەکانی گەڕانەوەی خۆبەخشانەی 70 عێراقی ڕاگەیاند کە بە شێوەیەکی نایاسایی چوونەتە ئەو وڵاتە.
ئەحمەد ئەلسەحاف، كە کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا بەڕێوەدەبات، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی رگەیاندووە: رێکارەکانی گەڕانەوەی خۆبەخشانەی 70 کۆچبەری عێراقی تەواوبوون کە بە شێوەیەکی نایاسایی چوونەتە ناو خاکی لیبیا.
ئاماژەی بەوەش کرد، “هەوڵەکان لەسەر ئاستێکی بەرز بەردەوامن بۆ دیاریکردنی چارەنووسی دەیان کەسی دیکە لە ناوچەی جیاجیا”.
ڕوونیشیکردەوە، “باڵیۆزخانەکە بە پەرۆشەوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانی لیبیا کار دەکات بۆ دڵنیابوون لە شوێنی خۆیان و گواستنەوەیان بۆ پەناگە گونجاوەکان، دوای ئەوەش رێکارەکانی گەڕانەوەیان بۆ عێراق خۆبەخشانە دەستپێدەکات”.
ئەلسەحاف دەڵێت، “تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و قاچاخچی بەردەوامن لە بازرگانیكردن بە چارەنووسی گەنجانی عێراقی، بەڵام هەوڵەکان چڕدەکرێنەوە بۆ سنووردارکردنی رۆیشتنی کۆچبەران لە رێگەی لیبیا”.
كارڕاپەڕێنەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، بانگەوازی خۆی بۆ خێزانەکان دووپاتکردەوە کە رێگە نەدەن منداڵەکانیان تووشی مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی ببنەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، “باڵیۆزخانەکە ئاسانکاری بۆ پەیوەندی نێوان کۆچبەران و خێزانەکانیان دەکات و هەروەها خۆراک و دەرمانیشیان بۆ دابین دەکات”.