باڵەخانەی سەرۆکایەتی زانکۆی سەڵاحەدین - وێنە: ئەرشیفی 964
زانكۆی سەڵاحەدین دابینی كردووە
ئەگەر پارەت هەیە بڕۆ لە ئیتالیا ماستەر بخوێنە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین لە هەولێر سكۆلەرشیپی بۆ خوێندكارە یەکەمەکانی سەر ئاستی بەشەکان بۆ خوێندنی ماستەر لە زانكۆكانی ئیتالیا دابین كردووە، بەڵام خەرجییەكانی لە ئەستۆی خوێندكار خۆی دەبێت.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەددین لە هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە 18.12.2025 بە 964ی راگەیاند، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین پ.د.کامەران یونس لە رێگەی دابینکردنی سکۆلەرشیپی هاوبەش یەکەمەکانی سەر ئاستی بەشەکان بۆ خوێندنی ماستەر دەنێرێتە زانکۆ بەناوبانگەکانی ئیتالیا.
وتیشی، سکۆلەرشیپە هاوبەشەكە سەرجەم دەرچووە یەکەمەکانی گشت بەشە زانستی و مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سەڵاحەددین بۆ ساڵی ئەکادیمی خوێندنی 2024-2025 دەگرێتەوە.
بەرپرسی راگەیاندنی زانكۆكە ئەوەشی باس كرد، لە ماوەی رابردوو لەسەر راسپاردەی سەرۆکی زانکۆ، یاریدەدەری سەرۆكی زانکۆ (پ.د.شەریف مولود) بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا سەردانی ئیتالیای کرد بە مەبەستی هەماهەنگی ئەکادیمی و زانستی، چەندین کۆبوونەوەی گرنگیشی لەگەڵ دوو سەرۆک زانکۆی ئیتالی بە ناوی زانکۆی Piedmont لە Novara لەگەڵ سەرۆك زانکۆی Pavia لە شاری Pavia ئەنجامدا و دواتر دوو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن واژۆکرا، كە بەهۆیەوە بڕیاردرا خوێندكارە یەكەمەكانی ساڵی خوێندنی 2024-2025 بۆ خوێندنی ماستەر سەردانی ئەم زانکۆیانە بکەن، كرێی خوێندن و تێچووی لاب (tuition fee و Bench fee) لە ئەستۆى زانكوى سەڵاحەدين دەبێت، بەڵام تێچووی سەفەر و گوزەران لە ئەستۆی خوێندكار خۆی دەبێت.
راگەیاندنی زانكۆی سەڵاحەددین بۆ زانیاری زیاتر و لینكێكی داناوە و دەتوانن سەردانی لینكەكە بكەن.