ئارایشتگایەک لە هەولێر
لە ترسی تەقینەوەی بالۆنەكان ئەمساڵ بە جیاواز یادی ئاڵایان كردەوە
964+
عەبدولعەزیز خالند
ساڵێک لەمەوبەر، لە رۆژی ئاڵادا، لە بەردەم ئارایشتگایەكی هەولێر ژمارەیەك بالۆن تەقینەوە و خەریك بوو ژیانی چەند كەسێك بكەوێتە مەترسییەوە، بەڵام ئەمساڵ ئارایشتگاكە پلانەكەیان گۆڕی و كارێكی بێ مەترسییان كرد و سووربوون لەسەر ئەوەی بەشداریی رۆژی ئاڵای كوردستان بكەن.
نما محەمەد لە كارگێڕیی ئارایشتگای دانێللا لە هەولێر، بۆ 964 قسەی كرد و ئاماژەی بەوەدا، ئەمساڵ یادی ئاڵای كوردستان بە جیاواز دەکەنەوە، بە جۆرێك ستیکەری ئاڵای کوردستانیان دروستکردووە و پێشكەشی موشتەری و هەروەها هاوڵاتیان و قوتابیانی دەكەن، جگە لەوە ئاڵا بە بۆیە لەسەر رووخساری منداڵان دەنەخشێنن و سەردانی قوتابخانەیەك دەكەن.
نما پێی وابوو هەموو كوردێك پێویستە رۆژی ئاڵا بەرز رابگرێ و پیرۆزی بكات و بەم بۆنەیەوە چالاكی و ئاهەنگ سازبكات.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا