لە کۆی 302 کەناڵ 226ـیان قەرزان

بڕیاری لێخۆشبوونی 50٪ بۆ قەرزی کەناڵەکانی راگەیاندن دەرچوو

964+

شۆڕش قادری

بڕیاری لێخۆشبوونی 50٪ بۆ قەرزی کەناڵەکانی راگەیاندن دەرچوو بەمەرجێک لە ماوەی مانگێدا قەرزەکانیان بدەنەوە، کە لە کۆی 302 کەناڵی بیستراو و بینراو 226ـیان قەرزارن.

بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان، لەسەر داوای وەزیری رۆشنبیری و لاوان، سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێک، رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر لێخۆشبوون بە ڕێژەی (٪50)ـی سەر قەرزی کەناڵەکانی راگەیاندن.

بە واژووی حەمەی حەمەسەعید وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە نووسراوی ژمارە (1683)ی رۆژی 28.5.2025 وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان داواکاری لێخۆشبوون لە بڕێکی قەرزی کەناڵەکانی راگەیاندنی بەرز کردووەتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران.

لە نووسراوەکەی وەزارەتدا هاتبوو، “بە هۆی کەڵەکەبوونی قەرزی میدیای بینرا و بیستراوەکان لە ئەنجامی ئەم بارودۆخە داراییەی کە رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە و کەمبوونەوە و نەمانی ئەو داهاتەی کە میدیا بینرا و بیستراوەکان پێشتر بەدەستیان دەهێنا لە رێگەی ڕێکلام، ئەمەش بە هۆی ئەوەی لە ئێستا زیاتر لە رێگەی سۆشیالمیدیاوە رێکلام بۆ کاڵاکان دەکرێت، هەروەها لەسەر داوای زۆربەی میدیا بینراو و بیستراوەکان داواکارین رەزامەندی بفەرموون لەسەر لێخۆشبوون بە ڕێژەی (٪50) لە قەرزەکان”.

لە وەڵامی ئەو نووسراوەدا، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بە نووسراوی ژمارە (1524)ی ڕۆژی 9.12.2025 پێشنیاز و داواکارییەکەی وەزارەتی پەسند کردووە و لە نووسراوەکەدا هاتووە، “رەزامەندی درا لەسەر لێخۆشبوون بە ڕێژەی ٪50 لەو قەرزانەی کە کەوتووەتە ئەستۆی میدیاکان، بە مەرجێک گشت کەناڵەکان پابەند بن بە دانەوەی ئەو قەرزانە لە ماوەی یەک مانگ، لە ئەگەری پابەند نەبوونیان سزای دواکەوتن بێتە سەر قەرزەکانیان”.

بە گوێرە داتاکانی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان زیاتر لە 300 کەناڵی ڕاگەیاندنی بینراو و بیستراو تۆمار کراون و لەو ژمارەیە سێ لەسەر چواریان قەرزیان لەسەر کەڵەکە بووە.

وەزارەتی رۆشنبیری روونیکردووەتەوە، لە کۆی 176 کەناڵی بیستراو، 132 کەناڵ قەرزارن و لە کۆی 126 کەناڵی بینراو 94 کەناڵیان قەرزارن، واتە لە کۆی 302 کەناڵ، 226 کەناڵیان قەرزارن.

وەزارەتی رۆشنبیری داوا لە بەڕێوەبەرانی کەناڵەکان دەکات، لە ماوەی مانگێکدا قەرزەکەیان بگێڕنەوە بۆ گەنجینەی گشتیی بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە بیانگرێتەوە و نیوەی ئەو قەرزە بخرێتە بەر لێخۆشبوونەوە، بە پێچەوانەوە، دواتر سزای دواکەوتن دەکەوێتە سەر قەرزەکانیان.

وەزارەتى رۆشنبیرى بۆ میدیاکان: هەواڵى تاوان و چۆنییەتى...

وەزارەتى رۆشنبیرى بۆ میدیاکان: هەواڵى تاوان و چۆنییەتى ئەنجامدانى بڵاومەکەنەوە