ئاهەنگی خولی 20مینیان ئەنجام دا
دەرچووانی زانكۆی كۆیە داوای دەرفەتی کار دەکەن
+964
دەریا ئەحمەد – کۆیە
لە زانکۆی کۆیە ئاهەنگی بیستەمین خولی دەرچووانی زانکۆکە بەڕێوەچوو، خوێندکاران بە جۆش و خرۆشەوە بەشدار بوون و دڵخۆش بوون کە گەیشتن بەم قۆناغە و داواش دەکەن ئیتر دەرفەتی کاریان بۆ بڕەخسێت.
مینا فەهیم دەرچووی زانکۆی کۆیە بە 964ـیان وت، ئەزموونێکی باشیان لە خوێندنی زانکۆ وەرگرت، هیواخوازن چۆن پەروەردە و فێرکران، ئاواش دەرفەتیان پێبدەن ئەوانیش نەوەیەکی تر پەرەوەردە و فێربکەن.
ئەحمەد ئاسۆ دەرچوویەكی دیكەی ئەم خولەیە و دەڵێت، ساڵانە دەرچوویەکی زۆر هەن، بەڵام نەک دامەزراندن بەڵکو هەلی کاریان لە كەرتی تایبەتیشدا نییە، ئەمەش ئەوان و نەوەی داهاتووش بێ ئومێد دەکات”.
وتیشی، تەمەنا دەکەین حکومەت ئاوڕێکمان لێبداتەوە و هەریەکەمان لە دوای دەرچوونمان بخرێینە سەر کارێکی شایستە.
بیست ساڵە زانکۆی کۆیە بڕوانامەی بەکالۆریۆیس دەبەخشێت و بۆ ئەمساڵیش هەزار و 137 خوێندکار لە شەش فاکەڵتیی زانکۆیەكە دەرچوون، لەو ژمارەیەش زۆرترینیان فاکەڵتیی پەروەردە بوو، کە 493 خوێندکاری هەبوو، کەمترینیشیان فاکەڵتیی پزیشکی بوو بە 38 خوێندکار.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا