ژمارەیەک گەنجی راپەڕین و سلێمانی
بە کرێنەکانیان ئۆتۆمبێلە لەکارکەوتووەکانی لافاوەکەی چەمچەماڵیان گواستەوە
964+
فەرهاد حەسەن
ژمارەیەک گەنج لە ئیدارەی راپەڕین و سلێمانی بڕیاریاندا بەشێوازی خۆیان یارمەتی خەڵکی لێقەوماوی چەمچەماڵ بدەن، ئەوەی لەدەستیان هات و دەیانتوانی بیکەن گواستنەوەی ئۆتۆمبێلە لەکارکەوتووەکانیان بوو لە رێگەی کرێنەکانیانەوە.
لە ئەنجامی ئەو لافاوەی چەند رۆژێک لەمەوبەر لە چەمچەماڵ روویدا ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبێل لە ئاودا نقوم بوون.
هەڵوێست عەلی، یەکێک لە خاوەن ئۆتۆمبێلە کرێنەکانە لە ناحیەی چوارقوڕنە، بە 964ـى وت، ئەوان لە چوارقوڕنە، رانیە و حاجیاوا هەشت خاوەن کرێن لەگەڵ نۆ خاوەن کرێن لە راپەڕینی سلێمانی ئەو کارەیان کردووە.
وتیشی “هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەی گواستمانەوە نوقمی ئاوی لافاوەکە ببون و هەریەکەی بە شێوازێک لەکار کەوتبوو”.
لە بەیانی دوێنێ شەممە دەستیان بە گواستنەوەی ئۆتۆمبێلەکان کرد و تاوەکو درەنگانی شەو توانیویانە 21 ئۆتۆمبێل بگوازنەوە بۆ ناوچەی پیشەسازی سلێمانی، بێستوون دەڵێت “هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانە لەلایەن وەستایەک بەناوی شازادەوە ئەرکی چاککردنەوەیان لە ئەستۆ گیرابوو”.
باسی لەوەشکرد ئەو هەشت کرێنەی لە ئیدارەی راپەڕینەوە کاری گواستنەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان کرد لەلایەن بەنزینخانەی سەلام لە چوارقوڕنە بێ بەرامبەر گازیان پێدراوە.