کەسوکاری ئەنفالکراوان له‌ گه‌رمیان گردبوونه‌وه‌

+964
هونه‌ر فارس – كه‌لار

دادگایی نەکردنی ئه‌نجامده‌رانی پرۆسه‌ی ئەنفال و نەگەڕانەوەی رووفاتی کەسوکارەکانیان، کەسوکاری ئەنفالکراوانی تووڕە کردووە و له‌ كه‌لار  گردبوونه‌وه‌.

ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 5.3.2023 لە سەر مەزاری ئەنفالکراوان لە گوندی دێبنەی سەر بە ناحیەی رزگاری، بەشێک لە کەسوکاری ئەنفالکراوان بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین گردبوونەوە.
گردبوونەوەکەیان بە مەبەست لە ساڵڕۆژی راپەڕیندا ئەنجاما، چونکە پێیانوابوو راپەڕین دژی زوڵم و ستەم و نادادپەروەری بووە، نایشارنەوەش ئەوان تا ئێستا زوڵم و ستەمیان بەرامبەر دەکرێت، بۆیە ئەو ڕۆژەیان هەڵبژاردووە.

داواکاری کەسوکاری ئەنفال، خۆی لە دادگاییکردنی بکەرانی ئەنفال و گێرانەوەی رووفاتی کەسوکارە ئەنفالکراوەکانیان و ئەنجامدانی پشکنینی دی ئێن ئەیە، بۆ ناسینەوەی ئەو رووفاتانەی، کە دەدرۆزرێنەوە.

بەختیار مەحمود، یەکێک لە تاقانەکانی ئەنفاله‌، بە تۆڕی 964ی وت، حکومەتی هەرێم گوێ لە داواکارییەکانیان ناگرێت، وەک خۆی دەڵێت” تۆمەتبارانی کەیسی ئەنفال لە کوردستاندا کراونەتە کەڵەگا و خاوەن دەسەڵاتن، بەڵام بچوکترین داواکاریی ئەنفالکراوان جێبەجێ ناکرێت”.

دوای 35 ساڵ لە ئەنجامدانی تاوانی ئەنفال، تا ئێستا بەشێكی زۆری ئێسک و پرووسکی ئەنفالکراوان لە بیابانەکانی عەرعەر و نوگرە سەلمان له‌ باشووری عێراق نەگەڕێندراونەتەوە.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا