لە شارەزوور
ئەو سەگە داوای هاوکاری کرد، برین و ئاسەواری لێدانی پێوە بووە
964+
بڕوا مەجید – شارەزوور
ئێوارەی رۆژی پێنجشەمە 11.12.2025، سەگێکی بێلانە لە نزیک بازاڕی هەڵەبجەییەکانی قەزای شارەزوور بەبرینداری و بەزنجیرێکی قورسەوە هانا بۆ گەنجێک دەبات و گەنجەکە رزگاری دەکات لەو زەحمەتییە.
دیمەنی رزگارکردنی سەگەکەی لەو مەحنەتییە بۆ 964 نارد، ئەوکات خەڵکێکی زۆر بینییان و کاردانەوەی جیاوازی لێ کەوتەوە.
محەمەد لوقمان، ئەو گەنجەی قەزای شارەزوورە کە گیانی سەگەکەی رزگار کرد بۆ 964 وتی، دوێنێ لەبەردەم دوکان چاوەڕێی هاوڕێیەکم دەکرد، بینم چەند منداڵێک بەرد دەگرنە سەگێک و سەگەکە وردەوردە بۆ لای من دەهات، بینم زنجیرێکی قورسی ئاسنی لە ملایە و زامداریش کراوە.
ئەو وتی، سەگەکە هاتە بەردەمم وەستا و ملی بەرزکردەوە وەک شتێک بڵێی داوای یارمەتی ئەکات، دەست بەجێ رۆشتم زنجیرەکە بە تەل بەسترابوو بە ملیەوە ملی زامدارکردبوو و منیش لێم کردەوە.
بە قسەی محەمەد لوقمان، کۆمەڵێک منداڵ و کەسی دیکە ئازاری سەگەکەیان دابوو، وە گوێجکەیەکی بڕابوو ملی زامدار کرابوو، دوای لێکردنەوەی زنجیرەکە سەگەکە رۆشتووە و تا سەد مەترێکیش جارجار لای کردووەتەوە بۆی.
بڵاوبونەوەی ڤیدۆکە و ئەو دیمەنە لە 964 کاردانەوەی زۆری هەبوو، خەڵک زۆر دەست خۆشیان لێکردووە، محەمەد لوقمان وتی، هیوادارم کەس ئازاری سەگی بێلانە نەدات و ئەوانیش رۆح لەبەرن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا