خاوەنی سێ منداڵن و دەیانەوێت ساڵی داهاتوو وێنە بەناوبانگەکەیان دووبارە بکەنەوە
چیرۆکی ئەو دوو شاخەوانەی بە هەڵواسراوی ئاڵقەیان گۆڕییەوە
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
دوو شاخەوان سەرەتای ژیانی هاوسەرگیرییان بە جۆرێک دەستپێکرد کە “یەکەم هەڵە تێیدا دەبووە کۆتا هەڵە”، ئەوان لە ساڵی 2020 بە هەڵواسراوی بە شاخێکەوە ئاڵقەیان گۆڕییەوە و وێنەیەکی هاوسەرگیری جیاوازیان چرکاند، ئێستا بە سێ منداڵەوە دەگێڕنەوە کە چۆن ئەو مەترسییەیان تاقی کردووەتەوە.
ئاریان ئەحمەد و هەنگاو بژار، دوو شاخەوانی کوردن کە لە 13.8.2020، لە شاخی “هەنگێ” لە نزیک تاسڵوجە، بە جلوبەرگی بووک و زاواوە خۆیان بە پەتێکەوە شۆڕکردەوە و وێنەی یادگارییان گرت.
ئاریان بە 964ـی وت، ئەمە بیرۆکەی هاوسەرەکەی هەنگاو بووە و ویستوویەتی شتێکی جیاواز بکەن، هەنگاویش دەڵێت سەرەڕای مەترسییەکە، بەڵام ساتێکی زۆر تایبەت بووە بۆی و هیچ ترسێکی نەبووە، چونکە متمانەی بە هاوسەرەکەی و کەرەستەکان هەبووە.
ئێستا ئەو خێزانە بوونەتە خاوەنی سێ منداڵ و “شەم”ـی کچیان کە تەمەنی نزیکەی چوار ساڵە، لەسەر دیواری دەستکرد مەشق دەکات و رێچکەی دایک و باوکی گرتووە.
ئاریان ئاماژە بەوە دەکات کە لەم وەرزشەدا “یەکەم هەڵە کۆتا هەڵەیە و دەبێتە هۆی مەرگ”، بەڵام ئەزموونەکەی وایکردووە نەترسن و لە پلانیشیاندایە ساڵی 2026 هەمان وێنە و یادگاری لە هەمان شاخدا دووبارە بکەنەوە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر