ئاودێریی هەولێر:
پۆند لەسەر رێڕەوی ئاو دروست مەکەن هەرەس دەهێنێت
964+
ژێوار خدر
بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێریی هەولێر هۆشداری دەداتە هاوڵاتیان و جوتیاران، هەر کەسێک بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی و رێنمایی زانستی، پۆند لەسەر رێڕەوی سروشتیی ئاوی باران دروست بکات، رووبەڕووی مەترسیی هەرەسهێنان دەبێتەوە و ئەگەری هەیە ببێتە هۆی دروستبوونی لافاو.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، دروستکردنی پۆند ئەگەر بەشێوەی ئەندازیاری و زانستی نەبێت، بەدڵنیاییەوە بەرگەی فشاری ئاو ناگرێت و هەرەس دەهێنێت، ئەمەش نەک تەنیا زیانی مادی لێدەکەوێتەوە، بەڵکو لە ئەگەری تێکچوونی پۆندەکەدا شەپۆلی ئاوەکە مەترسی بۆ سەر گیانی هاوڵاتیان دروست دەکات و هۆکارێک دەبێت بۆ دروستبوونی لافاو لە ناوچەکەدا.
سەبارەت بە رێکارە یاساییەکان بۆ ئەوانەی خوازیاری دروستکردنی پۆندن، ئاودێریی هەولێر رێگەچارەی دیاریکردووە و دەڵێت. هاوڵاتییان دەتوانن لە رێگەی یەکە کارگێڕییەکانی سنوورەکەیانەوە داواکاری ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێری بکەن، تاوەکو تیمە هونەرییەکان پشکنینی بۆ بکەن و رێنمایی تایبەت و رێگەپێدانی زانستییان پێ بدەن، بەمەش لە مەترسییەکان بەدوور دەبن.
ئەم هۆشدارییە لەکاتێکدایە، بەڕێوەبەرایەتییەکە وەک بەڵگە نموونەی ڤیدیۆیی پۆندێکی بڵاوکردووەتەوە کە بەهۆی نەبوونی مەرجی سەلامەتی و نەبوونی مۆڵەتەوە هەرەسی هێناوە، داواش دەکەن هاوڵاتیان وانە لەو نموونانە وەربگرن بۆ پاراستنی سەلامەتیی خۆیان.