مەترسی لەسەر جوتیارانی مانگێشک نەما
لە سنووری دهۆک دوو زەوی لە مین پاککرانەوە
964+
ژێوار خدر
لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی باڵیۆزی سلۆڤینیا لە بەغدا و بەرپرسانی باڵای ئیداریی دهۆک، دوو زەویی مینڕێژکراو لە سنووری ناحیەی مانگێشک دوای پاککردنەوەیان لە پاشماوەی جەنگی، بە فەرمی رادەستی خاوەنەکانیان کرانەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بۆ کشتوکاڵ بەکاریبهێننەوە.
قائیمقامیەتی قەزای دهۆک رایەگەیاند، پرۆسەکە بە پاڵپشتیی رێکخراوی (ITF)ـی سلۆڤینی و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین لە دهۆک جێبەجێ کراوە.
دەشڵێت، پاککردنەوەی ئەم زەوییانە جگە لەوەی زەوییەکان دەخاتەوە خزمەت خاوەنەکانیان، مەترسیی مردن و برینداربوونیش لەسەر گیانی هاوڵاتیان و جوتیارانی ناوچەکە ناهێڵێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، هەڵمەتەکانی تیمەکانی مین لابردن لە سنوورەکەدا بەردەوامە و لە ئێستادا لە ناحیەی زاویتە کار لەسەر پاککردنەوەی گەورەترین کێڵگەی مین دەکرێت، کە تا ئێستا 70٪ـی کارەکانی تەواو بووە و لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەویش بە تەواوی پاکدەکرێتەوە.