لۆگۆی فەرمی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان - گرافیکی 964
راگەیەنراوی وەزارەتی پەروەردە؛
تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەمی ناوەندەکانی خوێندن لە چەمچەماڵ دواخران
964+
شۆڕش قادری
تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەمی ناوەندەکانی خوێندنی سنووری قەزای چەمچەماڵ بۆ مانگی یەکی ساڵی داهاتوو دواخران.
کەمێک لەمەوبەر سامان سیوەیلی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، “بەڕەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتیی مامۆستایان و قوتابیان و خانەوادەکانیان، وەزارەتمان بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی راسپاردووە بە دواخستنی تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەمی ناوەندەکانی خوێندنی سنووری قەزای چەمچەماڵ بۆ مانگی یەکی ساڵی 2026”.
چەند رۆژێکە شەپۆلێکی بارانبارینی باش رووی لە ناوچەکانی کوردستان کردووە و بەهۆیەوە جگە لە چەمچەماڵ، لە سلێمانی و کەرکوک و گەرمیان و چەند شوێنێکی دیکەش لافاو دروست بوو، زۆرترین زیانیش بەر قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش کەوت، کە لەو ناوچەیە سەرەڕای زیانی ماددی زۆر، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و 12ـی دیکەش برینداربوون.