500 هەزار كەس لە سنووری تایلاند و كەمبۆدیا ئاوارەبوون. فۆتۆ: ئاژانسەكان
سنووری تایلاند و كەمبۆدیا
500 هەزار كەس ئاوارە بوون
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بەهۆی شەڕ و پێكدادانی نێوان هەردوو وڵاتی تایلاند و كەمبۆدیا 500 هەزار كەس لە هەردوولا ناچار بوون و ماڵ و حاڵیان جێبھڵن و ناوچە سنوورییەكان چۆڵ بكەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 10.12.2025 وەزارەتی بەرگری تایلاند رایگەیاند، لەدوای دەستپێکردنەوەی پێکدادانەکانی نێوان وڵاتەكەیان لەگەڵ كەمبدۆیا، كە لە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا دراوسێن، زیاتر لە 400 هەزار هاوڵاتی تایلەندی لە ناوچە سنوورییەکان راگوێزران و گواسترانەوە.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی تایلاند سورەسانت کۆنگسیری لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “زیاتر لە 400 هەزار کەس گواستراونەتەوە بۆ پەناگە”.
ئاماژەی بەوەش کردووە، “بەهۆی ئەوەی ئێمە بە مەترسییەکی نزیکمان دەزانی بۆ سەر سەلامەتییان، خەڵکی مەدەنی ناچاربوون بەکۆمەڵ چۆڵی بکەن”.
لای خۆیانەوە وەزارەتی بەرگریی كەمبدۆیا بە هەمان رایانگەیاند، 100 هەزار هاوڵاتی وڵاتەكەیان لە سنوورەكانیان لەگەڵ تایلاند گواستووەتەوە، بۆ ئەوەی پارێزراوبن.
دوای شەش هەفتە لە ئاگربەست، جارێكی تر شەڕ و پێكدادان لە ناوچە سنوورییەكانی نێوان هەردوو وڵات روویداوە و سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپیش رایگەیاند، تەلەفۆن بۆ سەرۆكی هەردوو وڵات دەكات بۆ ئەوەی شەڕ نەكەن.
كێشەی نێوان هەردوو وڵات لەسەر دیاریكردنی سنووری نێوانیانە بە درێژایی 800 كیلۆمەتر و كێشەكەش بۆ سەردەمی داگیركاری فەرەنسی بۆ ئەو ناوچەیە دەگەڕێتەوە.