وێنەیەك لە كردنەوەی فێستیڤاڵەكە، فۆتۆ: پەیجی فێستیڤاڵ
وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا
خولی 12ی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەمای دهۆک دەستی بە كارەكانی كرد
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەمڕۆ ئێوارە خولی 12مینی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی سینەمای دهۆک دەستی بە كارەكانی كرد، كە 110 فیلم لە چەندین وڵاتی جیهانەوە بەشدارن و بەشێكیان پێشبڕكێی بردنەوەی خەڵاتەكان دەكەن.
بە گوێرەی زانیارییەكانی پەیجی فەرمی فێستیڤاڵەكە لە خولی ئەمجارەدا، فێستیڤاڵەكە لە ژێر ناونیشانی “وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا” چالاكییەكانی ئەنجامدەدات و فیلم و بابەتی تایبەت لەسەر كێشەی وشكەساڵی و گۆڕانكارییەكانی ژینگە و كەشوهەوا پێشكەش دەكرێت.
هەروەها فیلم درامی، دۆكیۆمێنتاری و كورت و ئەزموونی جیاجیای سینەمایی نمایش دەكێن، بەشێكی فراوانیش بۆ فیلمی منداڵان تەرخان كراوە.
هەروەها ئاماژە بەوە كراوە، 13 فیلمی ئیسپانی نمایش دەكرێن و بەرنامەی تایبەت بە سینەمای ئەو وڵاتە پێشكەش دەكرێن.
فێستیڤاڵەكە چەند وۆركشۆپ و پانێڵی جیاجیاش لەخۆدەگرێت و ژمارەیەك میوان و ئەكتەر و سینەماكاری بیانییش داوەت كراون.
فیلم فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی دهۆک، كە دیارترین فێستیڤاڵی سینەمایە لە كوردستان، بۆ ماوەی حەوت رۆژ بەردەوام دەبێت.