بەهۆی مەترسی دروستبوونی لافاو، تەندروستی سلێمانی تیمەکانی خستە حاڵەتی ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە – وێنە؛ 964
"مەترسی دروستبوونی لافاو لەچەند شوێنێكدا لەئارادایە"
تەندروستی سلێمانی تیمەکانی خستە حاڵەتی ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە
964+
شۆڕش قادری
بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی سەرجەم تیمەكانی فریاكەوتنی خێرای تەندروستی خستە حاڵەتی ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی ئەو شەپۆلی باران بارینە بەخوڕەی پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری گرتووەتەوە، مەترسی دروستبوونی لافاو و حاڵەتی نەخوازراو لەچەند شوێنێكدا لەئارادایە، بۆیە لەسەر فەرمانی بەڕێوبەری گشتیی، سەرجەم تیمەكانی فریاكەوتنی خێرای تەندروستی ژمارە 122 خراونەتە حاڵەتی ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە بۆ بەهاناوەچوونی هاوڵاتیان لەكاتی ڕوودانی هەر حاڵەتێكی نەخوازراو”.
ئاماژە بەوەشکراوە سەرجەم نەخۆشخانە و سەنتەر و بەشەكانی فریاكەوتن لە سلێمانی بەشێوەی ئێشكگری كراوە دەبن.
تەندروستی سلێمانی دەشڵێت، هاوڵاتیانی دەتوانن لەكاتی روودانی هەر حاڵەتێكی نەخوازراو پەیوەندی بكەن بە ژمارە تەلەفونی 122 بۆئەوەی تیمەكانی فریاكەوتنی خێرای تەندروستی بەزووترین كات بەهانایانەوە بچن.
چەند رۆژێکە شەپۆلێکی بارانبارینی باش رووی لە ناوچەکانی کوردستان کردووە و ئەمڕۆش لە چەمچەماڵ و چەند شوێنێکی دیکە لافاو دروستبوو و لە قەزای چەمچەماڵ جگە لەوەی زیانی ماددی زۆری لێکەوتەوە، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و چواری دیکەش برینداربوون.