هەلی كار هەیە و كەس ئیش ناكات
خاوەنی چێشتخانەیەكی سلێمانی: سێ مانگە شاگردمان دەستناكەوێت
964+
دیلان محەمەدجەزا
خاوەن چێشتخانەیەكی سلێمانی دەڵێت، هەلی كاری هەیە و كەس نایەت كار بكات، دەشڵێت سێ مانگە ئەو كێشەیان هەیە و رۆیشتنەوەی كرێكارانی سوری كێشەی دروست كردووە.
شكار ئەحمەد خاوەنی چێشتخانەیەكی ناودارە لە سلێمانی و بە 964ی راگەیاند، لە سلێمانی كێشەی كەمیی كرێكار و شاگرد هەیە، بە تایبەتی بۆ چێشتخانە و كافێیەكان.
وتیشی، كرێكاری سوری و هەندێک وڵاتی دیکە گەڕاونەتەوە وڵاتەكانیان و بۆشاییان دروستكردووە، هەرچەندە ئێمە حەزدەكەین خەڵكی خۆمان ئیش بكەن، بەڵام لە چەند شوێنێكدا هەلی كارمان راگەیاندووە، بەڵام كەس نایەت بە دەممانەوە.
شكار دەڵێت، “ئەوە راست نییە ئیشی زۆر بە شاگرد بكەین و پارەی كەمی پێبدەین، هەروەك ئەو قسەیە دەكرێت، بەڵكو هەر كەسێك بێت، بە پێی جۆری ئیشەكەی و شارەزاییەكەی پارەی پێدەدەین”.
ئەو خاوەنكارە چاوەڕێیە گەنجی خۆمان كار بكەن و دەرفەتەكانی كاركردن بقۆزنەوە و بێ كار دادەنیشن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا