لە تورکیاوە هاتوون

کۆمپانیایەک دەیەوێ پڕۆژەیەکی 25 مێگاواتی بە وزەی خۆر جێبەجێ بکات

964+

ئەحمەد مستەفا

وەزارەتی کارەبا دەڵێ، کەمال محەمەد وەزیری کارەبا لەگەڵ سەڵاحەدین یەڵدز، سەرۆکی کۆمپانیای هاسیلیی تورکی کۆبووەتەوە تا پڕۆژەیەکی 25 مێگاواتی کارەبا بە وزەی خۆر جێبەجێ بکات.

راوێژکار و بەڕێوەبەرانی گشتی دیوان و بەرهەمهێنان و دابەشکردن ئامادەی دیدارێک بوون لەوبارەیەوە.

وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا کە 964 بینوویەتی دەڵێت، باس لە دانانی پڕۆژەیەکی 25 مێگاواتی کارەبا بە وزەی خۆر کراوە، وەزیری کارەبا ئامادەیی وەزارەتی نیشاندا بۆ پێشکەشکردنی هەموو کارئاسانییەک بۆ هاندانی وەبەرهێنانی بیانی بەتایبەتی لە بواری وزەی پاک.

دواتر داتاو زانیارییەکی پێویست و رێنماییەکانی وەزارەت لەو بوارەدا پێشکەش بە کۆمپانیاکە کراوە.

کۆمپانیای ناوبراو لە وڵاتی تورکیا 1000مێگاوات کارەبا بە وزەی خۆر بەرهەم دەهێنێت و گرێبەستی بۆ 500 مێگاواتی دیکە کردووە و لە رێگەی وەبەرهێنانەوە پڕۆژەکانی خۆیان لە هەرێمی کوردستان پەرە پێ دەدەن.

کۆمپانیایەک دەیەوێ پڕۆژەیەکی 25 مێگاواتی بە وزەی خۆر جێبەجێ بکات