داربڕین 6 کەسی لە گەرمیان خستە زیندانەوە

964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
بەهۆی بڕینی دارەوە لە قەراغ رووباری سیروان، شەش کەس لە گەرمیان خراونەتە زیندانەوە و دۆسییەکانیان لای دادوەرە.
964 لە پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیانەوە دەزانێت، زۆرینەی ئەوانەی داریان سووتاندووە یان بڕیویانەتەوە ئەو کەسانەن لەسەر رووباری سیروان زەوییان هەیە و بە مەبەستی فراوانکردنی زەوییەکانیان ئەو کارەیان کردووە.
بەپێی مادەی 21 لە یاسای ژمارە 10ـی ساڵی 2012ـی تایبەت بە دارستان و پاوان لە هەرێمی کوردستان، سزای بڕینەوەی دار لە نێوان 3 ملیۆن دینار بۆ 5 ملیۆن دینارە و هەندێکجاریش زیندانیکردنە بە مەرجێک ماوەکەی لە ساڵێک زیاتر نەبێت.
ئەکرەم کامیل، وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان بە 964ـی وت: بەردەوام دەوراتمان لەسەر رووبارەکە هەیە و هەرکەسێک زیان بە دار یان ژینگە بگەیەنێت دەستگیر دەکرێت.
زانیارییەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان دەریدەخەن، تا ئێستا چوار ئامێری مشاری داربڕینەوە دەستی بەسەرداگیراوە.
“ئەو شەش کەسە لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەستگیرکراون و دۆسییەکانیان لای دادوەرە بۆ بڕیاردان لەسەریان” ئەکرەم کامیل وای وت.