کۆمسیۆن بەبێ ناوهێنانی کاندیدەکان وادەڵێت

دوورخستنەوەی کاندیدە براوەکانی هەڵبژاردنەکەی عێراق گەیشتە شەش کاندید

964+

فەرهاد حەسەن

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئاشکرای کرد، لە دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە تا ئێستا شەش کاندیدی براوەیان دوورخستووەتەوە، بەبێ ئەوەی ناوی هیچ یەکێکیان ئاشکرا بکات، دەشڵێت گۆڕانکاری راستەقینە لە ئەنجامەکان و دابەشبوونی کورسییەکاندا روویداوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە حەسەن سەلمان، راوێژکاری یاسایی لە کۆمسیۆن بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، ژمارەی ئەو کاندیدانەی لە دوای هەڵبژاردنەوە تا ئەم ساتە دوورخراونەتەوە گەیشتووەتە شەش کاندید، کە دوایین حاڵەتی دوورخستنەوە لە ئەنجامی تانەدان بووە لە شایستەی یەکێک لە کاندیدەکان، کە بووە هۆی سەرکەوتنی تانەکە و دوورخستنەوەی کاندیدەکە.

وتیشی “گۆڕانکاریی راستەقینە بەسەر ئەنجامەکاندا هاتووە، بەو پێیەی هەندێک لیست ئەو کورسییانەیان لەدەستداوە کە بۆیان هەژمار کرابوو دوای دوورخستنەوەی کاندیدە براوەکانیان”.

ئاشکراشی کرد، کە گۆڕانکاری لە کۆتای ژنان لە پارێزگای نەینەوا روویداوە، بەجۆرێک کورسیی کۆتاکە لە لیستێکەوە بۆ لیستێکی دیکە گوازرایەوە و لەو لیستەی پێشتر کۆتاکەی هەبوو، پیاوێک شوێنی کورسییەکەی گرتەوە.

بەقسەی ئەم راوێژکارە، بڕیارەکانی دوورخستنەوە لەسەر بنەمای تانەدان لە شایستەیی بوون، پێویست بە کردنەوەی وێستگەکان یان ژماردن و جیاکردنەوەی دەستی ناکات، چونکە هەر ئاماژە یاخود تانەیەک پێش پەسەندکردنی کۆتایی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە بگاتە کۆمیسیۆن، لەلایەن ئەنجومەنی کۆمیسیارانەوە دیراسە دەکرێت و بڕیاری پێویستی لەبارەوە دەدرێت.

کۆمیسیۆن: ئەمڕۆ یان سبەى ئەنجامى کۆتایى هەڵبژاردن رادە...

کۆمیسیۆن: ئەمڕۆ یان سبەى ئەنجامى کۆتایى هەڵبژاردن رادەگەیەنین

کۆمیسیۆن ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی ب...

کۆمیسیۆن ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی بڵاوکردەوە