بۆ ئەو هاوڵاتیانەی توانای چوونەدەرەوەی وڵاتیان نییە
تیمە پزیشکییەکەی ئیسپانیا 24 نەشتەرگەریان بەخۆڕایی لە سلێمانی ئەنجامدا
964+
شۆڕش قادری
تیمە پزیشکییەکەی ئیسپانیا 24 نەشتەرگەریان بەخۆڕایی و بێ بەرامبەر لە شاری سلێمانی ئەنجامدا.
“تیمێكی پزیشكانی پسپۆڕی ئیسپانیا بەناوی فاوەندەیشنی دكتۆر مەگیل لیتۆن لە سەردانەكەیان بۆ شاری سلێمانی، بەهاوكاری پزیشكانی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی نەشتەرگەری فێركاری سلێمانی 62 نەخۆشیان بینی و 24 نەشتەرگەری گەورە و گرنگ و تایبەتمەندیان بێبەرامبەر ئەنجامدا”، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا وادەڵێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو نەشتەرگەرییانە بۆ ئەو هاوڵاتیانە ئەنجامدراون کە نەخۆشن و توانای چوونە دەرەوەی وڵاتیان نییە بۆ چارەسەر.
هاتنی ئەو تیمە پزیشکییەی ئیسپانیا بە هەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی، رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان، فاوەندەیشنی کۆڵەک و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم، رێکخراوە.
تیمەکە لە چوار پزیشکی پسپۆڕ پێکهاتوون و لە شاری مادرید ئیسپانیاوە هاتوونەتە کوردستان و شاری سلێمانی.