بێبەرامبەر وەری بگرن

گروپە ناوازەکە سێ هەزار دارتووی دیکەیان بۆ پێنجوێن هێنا

964+

ئەحمەد مستەفا

گروپی درەخت لە پێنجوێن کە پێشتر لەژێر ناوی نەمام کاریان دەکرد، لە چالاکی وەرزی پاییزەی ئەمساڵیاندا، هەستاون بە هاوردەکردنی 3000 نەمامی تووی موتوربەکراوی ناوازە بۆ پێنجوێن.

ئەوان هەموویان خۆبەخشن، مامۆستا و چالاکوان و کەسایەتی و خەمخۆری ژینگە و شارەکەی خۆیانن.

بە گوێرەی راگەیەندراوی گروپەکە بێت، کە 964 ئەمشەو 3.12.2025 بینوویەتی، لەو بڕەی هاوردەکراوە 1000 نەمامیان بێ بەرامبەر بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش کراوە، بڕیار وایە گروپی درەخت خۆیان 2000 نەمامەکەی تر لە جادە گشتییەکانی دەرەوەی پێنجوێن بچێنن.

گروپەکە سوپاسی بەرپرسانی دەروازەی باشماخ و شۆفێری بارهەڵگرەکانی مەرزەکە دەکات، بۆ هەر دۆستێکیان کە لێرە و لە کوردستانی رۆژهەڵات کارئاسانیان بۆ کردوون.

گروپەکە ماوەی حەوت ساڵە دامەزراوە، ئەوان سەرەتا چەند کەسێک بوون، بەڵام ئێستا وەک سەرپەرشتیاری گروپەکە لەدواین قسەی بۆ 964 باسی دەکات و دەڵێت، ژمارەیان 80 خۆبەخش زیاتر دەبێت.

ئەوانەی لە گروپی درەخت ئەندامن مامۆستا، پۆلیس و کەسایەتی قەزای پێنجوێنن، وەک خۆیان دەڵێن، خەونی ئەوەیان هەیە لەو ژمارە دارانەی بەتایبەت تووانەی چێندراون هەر کەس و لایەنێک بێت، کارگەیەکی دۆشاوی توو دروست بکات و تا بەهۆیەوە خەڵک سوودمەند بێت.

هەرکەس خوازیارە بۆ وەرگرتنی نەمام، با لە ئێستاوە پەیوەندی بکات بە مامۆستا غەریب ئەحمەد، سەرپەرشتیاری گروپەکەوە بە ژمارە تەلەفۆنی (07501119797)، کە مەرجی وەرگرتنی نەمام ئەوەیە ئەو کەسە دڵنیایان بکات، کە خۆی ئەرکی چاندن، ئاودان و پاراستنی لەئەستۆ دەگرێت.

ئەو نەمامانەی گروپی درەخت دەیچێنن

ئەو نەمامانەی گروپی درەخت دەیچێنن