هونەرمەندێكی خانەقینى داواده‌كات رزگاری بكەن

964+

راژان باجەڵان – خانەقین

هونەرمەندێكی خانەقین، نەخۆشكەوتووە و داوای دەستی یارمەتی خێرخوازان دەكات و‌ به‌ هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانى خۆیشى وتوه‌ “له‌مه‌رگ رزگارم بكه‌ن”.

سالم شا رەزا هونەرمەندی دەنگخۆشی میللی خانەقین، كە لە شاره‌كانى كرماشان و قەسر شیرین و ئەو ناوچانە ناوبانگییەكی زۆری هەیه‌، ئێستا بەدەست نەخۆشی دەناڵێنێ و بەپێی پشكنینەكانیش كه‌ بۆى ئه‌نجامدراوه‌ ده‌ڵێن “كێشه‌ى دڵی هه‌یه‌”.

لە سێ شوێنی جیاوازی ناو خانەقین سندوقیان بۆ كۆكردنەوەی پارە داناوە

ماوەی دوو ڕۆژە وێنەكانی ئەم هونەرمەندە بە فراوانی لە سۆشیال میدیا بڵاوبووەتەوە كە لە حاڵەتێكی دەروونی و تەندروستی ئێجگارخراپدا ده‌بینرێت، بۆیە ژمارەیەك لە هونه‌رمه‌نده‌ هاوڕێكان و چالاكوانانی مەدەنی هەڵمەتێكی فراوانیان ده‌ستپێكردووە بۆ ئه‌وه‌ى بڕە پارەیەكى بۆ كربكه‌نه‌وه‌ بۆ چارەسەركردنی.

عەلی شیرە و سەڵاح وەندی و هاوەڵانیان لە سێ شوێنی جیاوازی ناو خانەقین سندوقیان بۆ كۆكردنەوەی پارە داناوە و بە 964ـیان راگەیاند “ئەوە یەكەمینجار نییە كە كۆمەكی هەژاران و لێقەوماوان بكەین، ئێستاش پاش ئەوەی هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتی چاره‌سه‌ركردنى ئەم هونەرمەندەیان نەگرتە ئەستۆ، ئێمە بڕیارمان دا بیگرینه‌ ئەستۆ خۆمان”.

وتیشیان “داواى لێكردووین و هاناى بۆ ئێمه‌ هێناوه‌ كه‌ له‌ مه‌رگ رزگاری بكه‌ین، بۆیه‌ ئێمه‌ش ئه‌و كه‌مپینه‌مان بۆ رێكخستووه‌”.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن