ریکۆردێکی نوێی دیپلۆماسیی ئەمریکییە
ئەمڕۆ ئەمریکا بینای کونسوڵخانە نوێیەکەی لە هەولێر دەکاتەوە
964+
فەرهاد حەسەن
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا باڵەخانەی کونسوڵخانە نوێیەکەی لە هەولێر بکاتەوە کە وەکو باسی دەکرێت لەسەر ئاستی جیهان دەبێتە گەورەترینیان.
باڵەخانەکە، دەکەوێتە سەر رێگای سەرەکە هەولێر بۆ قەزای شەقڵاوە و لەسەر رووبەری 206 هەزار مەتردوجا دروستکراوە کە لە ساڵی 2013 ئەم رووبەرە زەویەی لەلایان شارەوانی هەولێرەوە بۆ تەرخان کراوە
لە سەرەتای مانگی تەمموزی 2018 بەردی بناغەی کونسوڵخانەکە دانرا و بڕی 795 ملیۆن دۆلار بۆ دروستکردنی تەرخانکراوە.
بەکردنەوەی ئەم کونسڵخانەیە هەریەک لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەبنە دوو لە جیهاندا لە دوو ریکۆردی دیپلۆماسیی ئەمریکییان تێدا تۆمارکراوە، یەکامیان گەورەترین باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدایە کە لەسەر رووبەری 440 هەزار مەتردوجا گەورەترینە لە جیهاندا،دووەمیشیان ئەم کونسڵخانەی هەلێرە.
پێشتر ئیرڤین هیکس، کونسوڵی گشتیی پێشووی ئەمریکا لە هەولێر، وتبووی، دروستکردنی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر پەیامێکی روونە کە “ئەمریکا بۆ هێچ شوێنێک ناڕوات”.
ئێستاش مایکڵ ریگاس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری بەڕێوەبردن و سەرچاوەکان بۆ کردنەوەی کونسوڵخانەی نوێی ئەمریکا سەردانی هەولێر دەکات.
ریگاس، چەند رۆژێکە لە بەغدایە، هەروەک پێشتر وەزارەتی دەرەوە بڵاویکردبووەوە بەسەردانێکی فەرمی هاتووەتە ناوچەکە دوای ئەوەی لە رێوڕەسمی کردنەوەی باڵەخانە نوێکەی کونسوڵخانەی وڵاتەکەیدا بەشدار دەبێت، هەولێر بەجێدەهێڵێت بەرەو تەلئەبیب و ساردانی وڵاتی ئیسڕائیل دەکات، پاشانیش دەگەڕێتەوە وڵاتەکەی.