دیمەنی شەقامی 100 مەتری سلێمانی وێنە: شارەوانی سلێمانی
شۆفێران ئاگاداری پردی تاسڵوجە بن
قۆناغی یەکەمی شەقامی 100 مەتری لە سلێمانی کرایەوە
964+
ژێوار خدر
هەردوو سایدی سەرەکیی قۆناغی یەکەمی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی کرایەوە، ئەگەرچی پڕۆژەکە بەتەواوی تەواو نەبووە، بەڵام بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغی خرایە خزمەت شۆفێرانەوە.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ بەشێکی شەقامەکە کراوەتەوە، شێوازی هاتوچۆ تیایدا لە کەرکوک بۆ رێگای قەرەداغ بەشێوەی راستەوخۆیە، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی پردی تاسڵوجە، سایدی رۆیشتوو لە رێگەی قەرەداغ بۆ تاسڵوجە دەخرێتەوە سەر رێگەی سلێمانی- کەرکوک، داواش دەکەن شۆفێران پابەندی خێرایی دیاریکراو بن.
دەشڵێت، کاتی کردنەوەی فەرمی و تەواوەتیی پڕۆژەکە دەکەوێتە مانگی ئەیلوولی ساڵی داهاتوو و کارکردن تێیدا بەردەوام دەبێت، بەڵام لەسەر داواکاریی هاوڵاتییان و بە مەبەستی کەمکردنەوەی لۆدی ترافیک بەتایبەت بۆ بارهەڵگرەکان، بڕیاریانداوە پێشوەختە ئەم بەشەی شەقامەکە بەڕووی شۆفێراندا بکەنەوە.