دایک و کوڕێک لە رووباری خازر خنکان

964+
عەمار عەزیز – دهۆک

دایک و کوڕێک لە ئاوی رووباری خازر لە سنووری پارێزگای دهۆک خنکاون، بەگوێرەی بەرگری شارستانی دەڤەرەکە.

رووداوەکە پاش کاتژمێر 4ی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە روویداوە.

964 دەزانێت، کوڕەکە هەشت ساڵانە و سەرەتا کەوتووەتە ناو رووبارەکە، دایکی خۆی هەڵداوەتە ناو ئاوەکە بە مەبەستی رزگارکردنی، بەڵام هەردووکیان گیانیان لەدەستداوە.

عەقید ئیبراهیم فەریق، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی ئاکرێ بە تۆڕی 964ی وت، کاتێک ئاگادارکراونەتەوە خێرا تیمیان ناردووە، “بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێمە گەیشتین، هەردووکیان خنکابوون”.

بە گێڕانەوەی عەقید ئیبراهیم، دایکەکە هەوڵیداوە منداڵەکەی رزگاربکات، بەڵام نەیتوانیوە و دەرەقەتی ئاوەکە نەهاتووە و گیانی لەدەستداوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی 964، ئەو دایک و کوڕە بە بنەچە عەرەبن و لە موسڵەوە هاتوون بۆ گەشتوگوزار.

ئەو وتی، تەرمی هەردووکیان رەوانەی نەخۆشخانەی پزیشکی دادی دهۆک کراون بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی زیاتر.