هێزى ئەمنى لە دەرەوەى گوندەکە دەبیندرێت
دۆخى لاجان؛ ژیان ئاساییە و خەڵک لەسەر ماڵ و حاڵیانن
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
دواى گرژییەکانى چەند رۆژى رابردووى گوندى لاجان، ئەمڕۆ ئارامى گەڕاوەتەوە بۆ ناوچەکە و خەڵک گەڕاونەتەوە سەر موڵک و ماڵەکانیان.
لە سێ رۆژى رابردوودا، بەهۆى گرژییەکانى گوندى لاجان، دۆخێکى ئەمنى و ناسەقامگیر لە گوندەکە دروست بوون تا واى لێهات دوێنێ دانیشتوانى گوندەکە ماڵ و حاڵى خۆیان جێهێشتوو و لەسەر رێگاى هەولێر- گوێر گردبوونەوە و بڕیاریاندا تا هێزە ئەمنییەکان نەکشێنەوە و دەستگیرکراوەکانیان ئازاد نەکرێن، نەگەڕێنەوە.
شەوى رابردوو، حکومەت و دەستڕۆشتوو و پیاوماقوڵانى گوندەکە گەیشتنە رێککەوتن، ئەویش بە ئازادکردنى ئەو کەسانەى پەیوەندیان بە گرژییەکانەوە نەبووە و هێزەکانیش لە سنوورى گوندەکە بکشێتەوە.
درەنگانێکى شەوى رابردوو، دانیشتوانى گوندەکە گەڕانەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆیان و ئەمڕۆش دۆخەکە تارادەیەکى زۆر ئاسایى بوو و هیچ گرژییەک لە گوندەکە رووینەدا.
چەند ئۆتۆمبێلێکى هێزە ئەمنییەکان لەسەر رێگا گشتییەکانى سنوورەکە جێگیرکراون، وەک ئەوەى باسیان کرد، بۆ پاراستنى پاڵاوگەکە و ئاسایى بوونەوەى دۆخەکە لەوێن.
گوندێ لاجان بە دوورى 15 کیلۆمەتر لە سەنتەرى هەولێرەوە دوورە و لەرووى کارگێڕییەوە سەر بە ناحیەى شەمامکە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح