حەوت مانگە نەتوانراوە هەزار و 800 مەتر جادە قیرتاو بکرێت

964+

هونەر فارس – گەرمیان

تەپوتۆزی هاوین و قوڕوقوڕاوی زستان هەموو ئەو شوفێرانەی بێزار کردووە کە رێیان دەکەوێتە رێگای دەروازەی کفری، بە وتەی شارەوانی ئەو قەزایە کارەکانی تا دانانی بەردی شکاو رۆیشتووە.

رێگای دەروازەی کفری کە بە رێگای کارێزیش ناسراوە، درێژیەکەی هەزار و 800 مەترە و رێگایەکی یەکسایدە و پڕە لە چاڵی گەورە گەورە و هەمووی بەسەریەکەوە خراپ بووە.

حکومەتی هەرێم بڕی 44 ملیار دیناری تەرخانکردووە بۆ بە دووساید کردنی رێگای کفری کەلار.

حەوت مانگ بەسەر کارکردن لەو دووسایدە نزیک دوو کیلۆمەترەیە تێدەپەڕێت کەچی تائێستا تەواو نەکراوە.

محەمەد ئیبراهیم، شۆفێرێکە و رۆژانە لەو رێگایەوە دەچێتە سەر کارەکەی، ئەو رووی دەمی لەلایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات و دەڵێت: گەر پێتان چاک ناکرێ خراپیشی مەکەن.

باس لەوەشدەکات خراپی رێگاکە بەجۆرێک بێزاری کردووە کە وەختە واز لەو کارەش بهێنێت کە لەو رێگەیەوە رۆژانە بۆی دەچێت.

لەسەر رەخنەی شوفێرانی ناوچەکە، عەلی خورشید، سەرۆکی شارەوانی کفری بە 964ی وت: چاککردنی رێگەکە چەند قۆناغێکی بڕیوە و کارەکانی تا دانانی بەردی شکاو رۆیشتووە.

“لەچەند رۆژی داهاتووشدا کۆمپانیای جێبەجێکار دەستبەدانانی بەردی شکاو دەکەن لە رێگەکەدا”. عەلی خورشید وای وت.

شارۆچکەی کفری، یەکێک لە شارۆچکە دێرینەکانی کوردستانە و لە ئێستادا 16 گەڕەک لەخۆ دەگرێت، کەچی کەمترین خزمەتگوزاری لە شارۆچکەکەدا بوونی هەیە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق