تەرمێکی نەناسراو لە زێی گەورەدا دەرهێنرایەوە
لە سنووری ناحیەی کەڵەک
تەرمێکی نەناسراو لە زێی گەورەدا دەرهێنرایەوە
964+
شۆڕش قادری
تەرمی گەنجێکی نەناسراو لە ئاوی زێی گەورەدا لە سنووری ناحیەی کەڵەک دەرهێنرایەوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.
شاخەوان سەعید وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بە 964ـی وت، “کاتژمێر 12:50 خولەکی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 1.12.2025 لەلایەن هاوڵاتیانی گوندی زەنگەڵ ئاگادار کراینەوە لەوەی کە تەرمێک لە زێی گەورەدا لە سنووری ناحیەی کەڵەک سەرئاو کەوتووە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئاگادارکردنەوەیان راستەوخۆ تیمی ژێرئاوی خەبات چوونەتە شوێنەکە و تەرمەکەیان لە ئاو دەرهێناوەتەوە و رادەستی پۆلیسی ناحیەی کەڵەکیان کردووە.
“تەرمەکە براوەتە پزیشکی دادی هەولێر بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری خنکانەکەی، هاوڵاتییەکە ناسنامەی نادیارە و لە رەگەزی نێرە و تەمەنی نزیکەی 25 ساڵە”، شاخەوان سەعید وای وت.
باسی لەوەشکرد، تائێستا هۆکاری خنکانی ئەو هاوڵاتییە و کەسوکاری نەزانراوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.