"رۆژێک كەسابەت نەكەین پێمانەوە دیارە"

چەقۆ فرۆشتن بژێوی مام مەجیدی 79 ساڵ دابیندەكات

964+

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

مەجید سەلیم، تەمەنی 79 ساڵە و دانیشتوویەكی سلێمانییە، ساڵانێكە بەدیار كەسابەتی چەقۆ فرۆشییەوە دانیشتووە و لەو رێگەیەوە قوتی خۆی و خێزانەكەی پەیدا دەكات.

مام مەجید، لەئامێزی شورای مزگەوتی گەورەی سلێمانی، وەكو هەر كاسبكارێكی دیكەی بازارەكە مێزێكی داناوە و قەناعەتی كردووە بەو رسقە كەمەی لە فرۆشتنی چەقۆكانییەوە دەستی دەكەوێت.

بە وتەی ئەو مامە حاجییە كە قسەی بۆ پەیامنێری 964 كردووە، سەرەڕای نەخۆشی و كەوتنە تەمەنییەوە، كە چەند پەنجەیەكیشی ئیش ناكات بەهۆی لێدانی جەڵتەوە، بەڵام دەستاڕی ژیان و پەیداكردنی بژێوی ناچاری بە ئیشكردنی رۆژانە كردووە و دەڵێت، ئەگەر رۆژێك كەسابەت نەكەین بۆ رۆژی دواتر پێمانەوە دیارە.

دەشڵێت، كەسابەتەكەم زۆر كزە و رۆژانە لە نێوان پێنج هەزار تاوەكو 10 هەزار دەفرۆشێت، بەڵام تازە بەم ئیشە راهاتووە و جگە لەمە هیچ كەسابەتێكی دیكەی بۆ ناكرێت.

ئەو ماوەی 35 ساڵە سەرقاڵی چەقۆ فرۆشییە، سەرەتا بەگەڕۆكی كارەكەی كردووە و بە كۆڵانەكانی ناو سلێمانی و هەریەك لە پیرەمەگروون، بازیان و بەكرەجۆ سوڕاوەتەوە، بەڵام ساڵانێكە ئەو توانایەی نەماوە و بۆ 13 ساڵ دەچێت لەم شوێنەدا درێژەی بە كەسابەتەكەی داوە.

نرخی چەقۆكانیشی لە نێوان سێ تاوەكو شەش هەزارە و هەندێك جاریش بە چەرخی چەقۆ تیژكردنەوەكەی بۆ هەردانەیەكی تیژكراوە هەزار دیناری دەست دەكەوێت.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا