وەک هاوبەشێکی پڕۆژەی پشتوێن و رێگا
لە ساڵێکدا عێراق و چین 53 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانیان هەبووە
964+
فەهمی نەبی
راوێژکارێکی حکومەتی عێراق دەڵێت، لە ماوەی ساڵی 2022دا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و چین 53 ملیار دۆلار بووە، هاوکات باڵیۆزخانەی چین لە عێراق رایگەیاندووە بەهۆی پڕۆژەی “پشتوێن و رێگا” ئابووری چین بەڕێژەی لە %8 گەشەیکردووە.
مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری ئابوری حکومەتەکەی سودانی، ئەمڕۆ 4.3.2023 بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند قەبارەی ئاڵوگۆڕێ بازرگانی گەشەیەکی بەرچاوی کردووە.
ساڵی 2019، عێراق رێککەوتنێکی ئابوری بەرفراوانی لەگەڵ چین مۆر کرد، بەگوێرەی رێکەوتنەکە عێراق دەبێت رۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت بۆ چین هەناردە بکات لەبەرامبەردا کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە هەشت هەزار قوتابخانە دروست دەکەن.
لاپەڕەی فەرمی باڵێوزخانەی چین لە عێراق، رۆژی 3.3.2023 بڵاویکردوەتەوە، لە ماوەی نۆ ساڵی رابردوودا مامەڵەی بازرگانی نێوان چین و وڵاتانی “پشتوێن و رێگا” لە 1.04 تریلیۆن دۆلارەوە گەشەیکردووە بۆ 2.07 تریلیۆن دۆلاری ئەمریکی.
پشتوێن و رێگا، پڕۆژەیەکە لە ساڵی 2013ەوە وڵاتی چین رایگەیاندووە، 123 دەوڵەت بەشداری ئەم پڕۆژەیەن، تێچووی پڕۆژەکە 900 ملیار دۆلارە و بیرۆکەکەی لەلایەن شی جی پینگ سەرۆک کۆماری چین داڕێژراوە.
عێراق هاوبەشێکی گەورەی پڕۆژەی “پشتوێن و رێگا”یە، بەگوێرەی ئەم پڕۆژەیە چین دەیەوێت ببێتە خاڵی بەیەکگەیشتنی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئاسیا و ئەوروپاوە لەرێگای هەریەکە لە هێڵی ئاسنین، رێگای ئاوی و وشکانی.
هاوکات لە هەواڵەکە ئەوەش هاتووە، کۆمپانیا چینییەکان لەماوەی ساڵی 2022دا توانیویانە بەبەهای زیاتر لە 57 ملیار و 13 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە وڵاتانی “پشتوێن و رێگا” بکەن، کە بەهۆیەوە 421 هەزار هەلی کاریان دروستکردووە.