لە سنووری ناحیەی ئاغجەلەر 3000 نەمام دەچێندرێن - وێنە؛ رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە
چەند ژینگەدۆستێک خەڵات کران
لە سنووری ناحیەی ئاغجەلەر 3000 نەمام دەچێندرێن
964+
شۆڕش قادری
نزیکەی 3000 هەزار نەمام لە سنووری ناحیەی ئاغجەلەر و لە ئەمبەراوبەری رێگا سەرەکییەکانی چەمچەماڵ و کۆیە دەچێنرێن، ئەمڕۆ هەڵمەتەکە دەستیپێکرد.
مەعروف مەجید سەرۆکی رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ چوارشەممە 26.11.2025 و لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی نەمام چاندن، نزیکەی 200 نەمام لە سنووری ناحیەی ئاغجەلەر و گوندى عەسکەر چێندران”.
“هەڵمەتەکە خۆی لە رواندنی 3000 هەزار نەمام دەبینێتەوە و بڕیارە لە داهاتوودا بەڕێوەبەرایەتی ناحیە، بەهەماهەنگی وەزارەتی کشتوکاڵ و بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی دارستان و ژینگەی سلێمانی هەموو نەمامەکان وەربگرێت و دەست بە چاندنیان دەکرێت لەو رێگا سەرەکییانەی بەرەو چەمچەماڵ و کۆیە دەڕۆن”، مەعروف مەجید وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەر ئەمڕۆ لەلایەن عەمید هۆشیار ئەحمەد بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، خەڵاتی رێزلێنان بەخشراوەتەوە ژمارەیەک ژینگەدۆست کە هاوینی ئەمساڵ، لەسەر ئەرکی خۆیان خزمەتی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکانیان کردووە و لە چەند شوێنێکیش نەمامیان چاندووە.