لە بێئاوی 35 ماڵ چۆڵیان کردبوو
پۆندەکەی گوندی قوبە بەشێکی دەشتی هەریر دەبوژێنێتەوە
964+
ئاکام غەفور- هەریر
لە گوندی قوبەی دەشتی هەریر، پۆندێک دروستکراوە، خەڵکی گوندەکە بە هەرەوەزی کاریان تێداکردوە بۆ دروستکردنەکەشی حکومەتی هەرێم و رێکخراوی یونسێف سەرپەرشتیان کردووە.
گوندەکە چەند ساڵێکە بە دەست نەبوونی ئاو دەناڵێنێت، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو بەهۆی بێئاوی 35 ماڵ گوندەکەیان چۆڵکردبوو، بەڵام ئیتر گوندەکە ئاوەدان دەبێتەوە، پۆندەکە دەبێتە سەرچاوی کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری.
سەباح جەوهەر، موختاری گوندەکەیە بە 964ی وت، جگە لەوەی زەوییان تەرخان کردووە بۆ دروستکردنی پۆندەکە، رۆژانەش بەپێی پێویستی خەڵکی گوندەکە لە پۆندەکە کاریان دەکرد تاوەکو تەواو بوو.
وتیشی “پێشتر کێشەی کەمئاویمان هەبوو بە تانکەر ئاو بۆ گوندەکەمان دەهات، جگە لە گوندەکەی ئێمەش چوار گوندی دیکەش لێی سودمەند دەبێت”.
پۆندی قوبە، سەرچاوەی ئاوەکەی باراناوە، 14 مەتر بەرزە و نزیکەی 200 مەتر پانی و درێژی پۆندەکە دەبێت، توانای گلدانەوەی 750 هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە.
پێداچوونەوە؛ فهرهاد حهسهن