171یان هەڵوەشێندراونەتەوە

تۆڕە نێودەوڵەتییەكانی بازرگانیی ماددەی هۆشبەر لە عێراق تەراتێن دەكەن

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزارەتی ناوخۆی عێراق هەڵوەشاندنەوەی هەزار و 201 تۆڕی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانی لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا راگەیاند، کە 171 تۆڕیان نێودەوڵەتیی بوون

رائید عەباس ئەلبەهدلی وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ، ئەمڕۆ سێشەممە 25.11.2025 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بەغدا رایگەیاند: “هێزە ئەمنییەکان لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا هەزار و 201 تۆڕی بازرگانیکردن و دابەشکردنی ماددە هۆشبەرەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە، کە 171 تۆڕی نێودەوڵەتیشیان تێدا هەبوو”.

ئاماژەی بەوەش کرد، “دەست بەسەر 14 تۆن و 20 کیلۆگرام و 17 گرام ماددەی هۆشبەردا گیراوە، هەروەها دوو هەزار و 318 بڕیاری دادوەری لەسەر ئەو کەسانە دەرچووە کە تێوەگلاون لە دۆسیەکانی ماددە هۆشبەرەکان، لەناویاندا 300 سزای لەسێدارەدان و هەزار و 147 سزای هەتاهەتایی، جگە لەوەش 140 فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی دەرچووە، هەروەها 40 ئۆپەراسیۆنی ئەمنی لە دەرەوەی سنوورەكانی عێراق ئەنجامدراون”.

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق هەروەها ئاماژەی بە بوونی 33 خاڵی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەیی لە چوارچێوەی هاریکاری نێودەوڵەتیدا کرد، كە کاری هەواڵگریی پێشکەوتوو لە دەرەوەی وڵات بەڕێوە دەچێت، جەختیشی کردەوە کە “عێراق ئێستا بە ‘پێشەنگ’ لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ناسراوە”. ئەلبەهدلی ئاماژەی بەوەدا “وڵاتەکە لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا پلەی یەکەمی لە بواری هاوبەشکردنی زانیاری و هەماهەنگی ئاسایش و هەواڵگریدا بەدەستهێناوە”.

ئاشکراشی کرد “تا ئێستا شەش هەزار و 200 کەس لە ئالوودەبوون چاکبوونەتەوە، لەکاتێکدا هەزار و 228 کەس هێشتا لە کلینیکەکانی تایبەتمەنددا چارەسەری پێویستیان بۆ دەکرێت، کە 16 سەنتەری چاکسازی ماددە هۆشبەرەکان تێیدا دامەزراون”.

لای خۆیەوە، لیوا ئەحمەد ئەلزەرکانی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری کۆنتڕۆڵکردنی ماددە هۆشبەرەکان و كارتێكەرە ئەقڵییەكان، هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا پشتڕاستی کردەوە کە “زۆرێک لە کەسانی داواکراوی نێودەوڵەتی رادەستکراون، هەروەها تۆڕێکی مەترسیدار لە چوار ئۆپەراسیۆندا هەڵوەشاوەتەوە کە لە ئەنجامدا تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە چوار وڵاتی جیاوازدا دەستگیرکراون”.

دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە راپەڕین دەستگیر کران

دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە راپەڕین دەستگیر کران