وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن:
چیتر بەخۆڕایى یارییەکان نابینن؛ پەخشی نایاسایی BEIN SPORTS لە هەرێمی کوردستان رادەگیرێت
964+
وریا فەتاح
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی دەرکرد بۆ راگرتنی پەخشی نایاسایی کەناڵەکانی BEIN SPORTS، کە لە رێگەی ئینتەرنێت و بە شێوازی IPTV لە هەندێک کەناڵی ناوخۆییەوە بێ مۆڵەت پەخش دەکرێن.
بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە لە رێکەوتی 17.11.2025، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆستە و گەیاندنەوە ئاڕاستەی کۆمپانیاکانی بواری ئینتەرنێت کراوە، پێویستە لە ماوەی یەک مانگدا سەرجەم ئەو کۆمپانیایانە پەخشی ئەم کەناڵانە رابگرن.
وەزارەتەکە روونی کردووەتەوە کە ئەم بڕیارە بە مەبەستی رێگرتنە لە سەرپێچی یاسایی و پارێزگاریکردن لە مافی پەخش و بڵاوکردنەوەی خاوەندارێتی فیکری.
هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە، هەر کەناڵێک بیەوێت لە رێگەی ئینتەرنێتەوە پەخشی دامەزراوەی BEIN SPORTS بکات، پێویستە لە رێگەی بریکاری فەرمی ئەو دەزگایەوە بێت، بەپێی یاسا و رێنماییە کارپێکراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.