لە دارەتووی هەولێر
سەروو 200 ناو لە لیستی وەرگرتنی زەوی دەرهێنراون
964+
دەشتی عارف ـ هەولێر
نزیکەی 250 فەرمانبەری سنوری ناحیەی دارەتوو، ناویان لە لیستی فەرمانبەران دەرکراوە بۆ وەرگرتنی زەوی، 964 دەنگی ئەو فەرمانبەرانەی گەیاندە سەرۆکایەتی شارەوانی دارەتوو و لەهۆکای دەرهێنانی ئەو ناوانەی پرسی.
ئەمڕۆ دووشەممە 24.11.2025 پەیامنێری 964 چووە ئیدارەی خۆجێی ناوچەکە، جگە لەوەی زانرا، بەشێکیان سوودمەند بوو، دەرکەوت هەندێک حاڵەتی قەرەبووکردنەوەش هەبوو کارەکانیان راگیراوە تا بڕیاریان لەسەر دەدرێت.
رەوەند قادر، سەرۆکی شارەوانی دارەتوو، کەیسەکەی بۆ 964 روونکردەوە و وتی، ئەو 250 فەرمانبەرە بەهۆکاری جیاواز ناویان دەرهێنراوە هەندێک پێشووتر خانوویان زێدەڕۆ بووە و لەکاتی تێکدانی خانووەکان زەوی قەرەبوویان وەرگرتووە، هەندێکیشیان خانووەکانیان بەر پڕۆژەی حکومەت کەوتووە و قەرەبوو کراونەتەوە.
لەبارەی شایستەکان باسی لەوەکرد، هەر لەدوایی دەرهێنانی ناوەکان ئێمە داوامان لە سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر کرد وردبینی بکرێت و ئەوانەی شایستەن ناویان بخرێتەوە ناو لیستەکە و لەچەند رۆژی داهاتوودا بابەتەکە یەکلایی دەبێتەوە.
سەروو دوو هەزار و 700 فەرمانبەر لە سنوری ناحیەی دارەتوو، زەوییان وەرگرتووە، کە لە گەڕەکی ژینی نوێ و کەرتی دوو هەزاری زەوییەکان دابەشدەکرێت بەسەریاندا.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا