دزى سەدە دووبارە دەبێتەوە؟
“دیارنەمانى 2 ترلیۆن و 500 ملیار دینار”ـى سندوقى چاودێرى کۆمەڵایەتى
964+
وریا فەتاح
وەک دەڵێن، عێراق، وڵاتى سامانە گەورە و دزییە گەورەکانە، دواى دزى سەدە کە 2.5 ملیار دۆلارى لە ئاو چوو، ئێستا دیارنەمانى 2 ترلیۆن و 500 ملیار دینارى دیکە وەک بۆمبێک تەقیوەتەوە.
بابەتەکە ئەوەیە، ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لە چاوپێکەوتنێکى رۆژنامەوانى وتوویەتى، تەواوی 2.5 ترلیۆن دیناری سندوقی چاودێری کۆمەڵایەتی نەماوە.
وەک ئەوەى ئەسەدى ئاشکراى کردووە، چوونەتە سەر سندوقەکە و تووشی شۆک بوون، چونکە تەواوی پارەکە راکێشراوە.
ئەو وێراى بێ ئاگایى لەو دیارنەمانى پارەکە، پەنجەى تۆمەت بۆ وەزارەتى دارایى و بانکى رافیدەین رادەکێشێت و گومان دەکات پارەکە بۆ کڕینی سەنەدات بەکار هاتبێت.
لەسەر ئەو بابەتە، ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتى دارایى عێراق روونکردنەوەیەکى بەپەلەى بڵاوکردەوە و وەڵامى ئەسەدى دایەوە.
لە روونکردنەوەکەى وەزارەتى دارایى، هاتووە، ‘هیچ بڕە پارەیەک نەبراوە، بەڵکو تەنها هەژمارەکە سڕ کراوە”.
رەخنەش لە وەزیری کار دەگرێت و دەڵێت: دەبوو وەزیری کار وردتر بوایە یان پرسیاری لێکردباین.
ئەم بابەتە، دزى سەدەى بیر عێراقییەکان هێناوەتەوە کە ئەو کات 2.5 ملیار دۆلارى سندوقى ئەماناتى باج دزرا.
پرسیارى سەرەکیش لێرە ئەوەیە، ئەمە دووبارەبوونەوەى دزى سەدەیە، یان وەزیرى کار کەوتووەتە هەڵە و هەژمارى سندوقەکە سڕکراوە؟.