25 هەزار دینارى عێراقى - وێنە: بۆ 964 نێردراوە
براوە یان نەبراوە؟
وەزارەتى دارایى لەسەر دیارنەمانى “دوو ترلیۆن و 500 ملیار دینار” هاتە دەنگ
964+
وریا فەتاح
دواى ئەوەى ئەحمەد ئەسەدى، وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى عێراق، بۆمبێکى تەقاندە و بە میدیا عێراقییەکانى وت،”بڕى 2 ترلیۆن و 500 ملیار دینارى سندوقى چاودێریی کۆمەڵایەتی عێراق، دیار نەماوە”، وەزارەتى دارایى عێراق هاتە دەنگ و لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت: “هیچ بڕە پارەیەک” لە هەژماری تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی نەبراوە، بەڵکو تەنها هەژمارەکە “سڕ کراوە.”
لە روونکردنەوەکەى وەزارەتى دارایى عێراق کە وەڵامدانەوەى لێدوانى وەزیرى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتییە، وێڕاى جەختکردنەوە لەسەر ئەوەى کە هیچ پارەیەک نەبراوە، بە نیگەرانییەوە باسی لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنی وەزیری کار کردووە، کە بە وتەی وەزارەتەکە، “زانیاری نادروستی” تێدابووە سەبارەت بە راکێشانی بڕە پارەیەک لە هەژماری تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی.
بەپێى روونکردنەوەکە، هەژماری بانکی تایبەت بە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە ساڵی 2015ـەوە کراوەتەوە و بە شێوەیەکی ناوەندی بودجەی بۆ تەرخان کراوە، ئامانجی سەرەکی ئەم هەژمارە تەنها خەرجکردنی مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی بووە، بە پشتبەستن بە یاسای ژمارە (11)ی ساڵی 2014ی پاراستنی کۆمەڵایەتی.
وەزارەتی دارایی ئاشکرای کرد کە وەزیرى کارو کاروباری کۆمەڵایەتی “بە شێوەیەکی دروست” بەدواداچوونی بۆ باڵانسی هەژمارەکە نەکردووە، سەرەڕای ئەوەی بڕە پارەیەک تێیدا دانراوە کە “لەگەڵ سروشتی هەژمارەکەدا ناگونجێت”، وەک دەڵێت: ئەم پارانە بریتی بوون لە بڕە پارەی گەڕاوە لە کارتی زیرەکی سوودمەندانی پاراستنی کۆمەڵایەتی بۆ ساڵانی (2015 تا 2025).
روونیشی کردەوە کە “هەژمارەکە بڕە پارەی تەمویلی گوازراوەی لە وەزارەتی داراییەوە تێدایە، جگە لە بڕە پارەی گەڕاوە لە کارتی زیرەکی سوودمەندانی پاراستنی کۆمەڵایەتی، و ئەم پارانە هێشتا لەناو هەژمارەکەدان و رانەکێشراون.”
وەزارەتی دارایی جەختی لە پابەندبوونی تەواوی بە یاسا و رێنماییەکان کردەوە و دووپاتی کردەوە کە بەردەوام دەبێت لە هاوکاری لەگەڵ دەستە چاودێرییەکان بۆ “دەرخستنی تەواوی راستییەکان” و “دڵنیابوون لەوەی کە سامانی گشتی بۆ هیچ مەبەستێک لە دەرەوەی چوارچێوەی دیاریکراوی بەکارناهێنرێت.”
وەزارەتی دارایی داوای لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە “پێش بڵاوکردنەوەی هەر لێدوانێک کە ببێتە هۆی سەرلێشێواوی بۆ رای گشتی، وردبینی بکەن.” هەروەها دووپاتی کردەوە کە دەرگای وەزارەت “کراوەیە بۆ پێشکەشکردنی هەر ڕوونکردنەوەیەکی زیادە لە کاتی داواکردندا.”
ئەم دەنگۆیانە، بابەتى دزى سەدەى بیر عێراقییەکان خستووەتەوە و بۆچوونێک دروستبووە ئەگەر ئەمە راستبێت، دووبارەبوونەوەى دزى سەدەیە.