دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە راپەڕین دەستگیر کران – وێنە؛ ئاسایشی سلێمانی
"10 کیلۆ کریستاڵیان پێوە گیراوە"
دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە راپەڕین دەستگیر کران
964+
شۆڕش قادری
لە سنووری ئیدارەی راپەڕین دوو بازرگانی ماددە هۆشبەر بە 10 کیلۆ کریستاڵەوە دەستگیر کران.
بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوەربەرایەتی گشتی ئاسایشی سلێمانی، “بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕین بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، لەچالاکییەکدا لە سنوری ئیدارەی راپەڕین دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەریان دەستگیر کردووە”.
زیاتر روونکراوەتەوە و ئاماژە بەوەکراوە کە، لە ئەنجامی کۆکردنەوەی زانیاری پێشوەختە و چاودێری ورد و بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕین، بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، ئەمڕۆ چوارشەممە 19.11.2025 لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، توانیویانە دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر بکەن و دەستیشبگرن بەسەر بڕی 10 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری کریستاڵ.
لەئێستادا تۆمەتباران بەبڕیاری دادوەر و بە ماددەی 25 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵییەکان راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکانیان بەردەوامە.