هەڵەبجە
تۆمەتبارانی کوشتنی کۆڵبەرەکەی هەورامان دەستگیرکران
+964
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
ئەو چوار پاسەوانی سنوورەی کە تۆمەتبارن بە کوشتنی (ئارام خەلیل)، ئەو گەنجە کۆڵبەرەی کە مانگی هەشتی ساڵی رابردوو لە خاڵی سنووری سیپە لە گوندی سەرگەت بریندار ببوو، دواتر بە هۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا، ئێستادا هەر چواریان دەستگیرکراون.
ئاکام قوتبەدین، وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە بە 964ی راگەیاند: “لە رووداوەكەدا چوار پاسەوانی سنوور ناویان وەک تۆمەتبار هاتبوو، ئێستا سێ کەسیان لای ئێمە دەستگیرکراون و لە زیندانن، سەرچاوەیەکی ئەمنی پێی وتووین کە کەسی چوارەمیش دەستگیرکراوە، بەڵام هێشتا رادەستی ئێمە نەکراوە”.
بە وتەی ئاکام قوتبەدین، “یەکێک لە تۆمەتبارەکان ماوەی نزیکەی پێنج مانگە دەستگیرکراوە، دووانیشیان تازە دەستگیر کراون، کەسی چوارەمیش پێمان وتراوە کە دەستگیرکراوە، کە بەمەش هەموو تۆمەتبارانی ئەو رووداوە کە سکاڵاکەی لە بنکەی خورماڵ تۆمارکرابوو، دەستگیرکراون”.
ئارام خەلیل گەنجێکی تەمەن 26 ساڵی قەزای خورماڵ بوو، ئێوارەی 18.8.2024 لە خاڵی سنووری سیپە، نزیک گوندەکانی سەرگەت و دەرەی مەڕ، لە کاتی کۆڵبەریدا لەلایەن پاسەوانی سنوورەوە تەقەی لێکرا و گیانی لەدەست دا، رووداوەكە کاردانەوە و ناڕەزایی زۆری لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە لێکەوتەوە، هەمان شەویش هاوڕێکانی ئارام هەوڵی سووتاندنی بینای پاسەوانی سنووریان دا، بەڵام کەسایەتی و ریشسپی ناوچەکە رێگرییان لەو کارە کرد.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا