دیمەنی شاری سلێمانی _ وێنە: 964
مەچن بۆ شارەوانیی سلێمانی
بۆ مامەڵەی زەوی خانەنشینان دەبێت بچیت بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکەیان
964+
ئەحمەد مستەفا
شارەوانیی سلێمانی دەیەوێ خانەنشینان ئاگاداربن، ئەو تیروپشکەی بۆ وەرگرتنی زەوی خانەنشینان ئەنجامدراوە، سەرجەم ناوەکانیان ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی سلێمانی کراوە و هەر لەوێش رێکارەکانی وەرگرتن ئەنجام دەدرێ.
خانەنشینێکی زۆر ئەم رۆژانە چوونە باڵەخانەی شارەوانیی سلێمانی، بەبێ ئەوەی بزانن لە بەڕێوەبەرایەتییەکەی خۆیان مامەڵە و رێکارەکانیان بۆ ئەنجام دەدەن.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە 18.11.2025 لە پێگەی خۆی نوسیوویەتی، داواکارین لەو خانەنشینانە ناویان لە لیستەکاندا هەیە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی سلێمانی بكەن و ئەو بەرایی و زانیارییانەی داواكراوە رادەستی بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینانی سلێمانی بکەن.
وەک شارەوانی باسی دەکات، ئەو تیروپشکە ئەلیکترۆنییەی بۆ زەوی ئەنجامدرا، لە 18ی ئەیلوولەوە، سەرجەم ناوەکان بە لیست ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی سلێمانی کراوە.
ئەمە دەقی قسەکانی شارەوانیی سلێمانییە؛
“روونکردنەوەیەک لە لایەن سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی تایبەت بە زەوی خانەنشینان”
بەهۆی سەردانیكردنی زۆری خانەنشینانی بەڕێزو وە پرسیاركردنێكی زۆر لە سەرۆکایەتیمان تایبەت بەو ناوانەی کە بەشێوەی تیروپشکی ئەلیکترۆنی كاری دابەشكردنی زەوییان بۆ ئەنجام درا لە لایەن سەرۆکایەتیی شارەوانیمان لە ڕێکەوتی ٢٨ـی ئابی ٢٠٢٥ پاشان بە نووسراوی سەرۆكایەتیمان لە ڕێکەوتی ١٨ـی ئەیلولی ٢٠٢٥، سەرجەم ناوەکان بە لیست ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی سلێمانی کرا كە ئێستا لەلایەن بەڕێزیانەوە لە بینای بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی سلێمانی بڵاوكراوەتەوە بەمەبەستی تەواوکردنی رێکارەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینانی سلێمانی نەك سەرۆكایەتیی شارەوانیمان .
“بۆیە داواکارین لەو خانەنشینە بەڕێزانەی ئەوانەی ناویان لە لیستەکاندا هەیە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی سلێمانی بكەن وە ئەو بەرایی و زانیارییانەی داواكراوە بە نووسراوی سەرەوەمان ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینانی سلێمانی بکرێت.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی
٢٠٢٥/١١/١٨