هەڵبژاردنی عێراق

سۆراغ: راستە كاندیدێک دەرنەچووە و ئەو ستوونانەی كارەبای هەڵگرتووەتەوە بۆ خەڵكی دانابوو؟

+964
سیروان خورشید – دوزخورماتوو

گرتە ڤیدیۆییەك لە سۆشیال میدیا بڵاوبووەتەوە، گوایە لەلایەن کاندیدێکەوە چەند ستوونێكی كارەبا پێش هەڵبژاردن بۆ یەکێک لە گەڕەکەکانی قەزای “بێجی” سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین دانرابوو، بەڵام دوای دەرنەچوونی لە هەڵبژاردن، كاندیدەكە  ستوونەکانی هەڵگرتووەتەوە، 964 سۆراغی راستیی ئەم بابەتەی كرد و راستییەكانی دەستكەوت.

وەلید خالید، بەرپرسی نووسینگەی راگەیاندنی کاندید هند عەباسی، ئەمڕۆ یەكشەممە  بە 964ـی وت، ئەو هەواڵانەی بڵاوکراونەتەوە بەو شێوەیە نییە و دوورە لە راستییەوە، بەڵکو ئەمڕۆ لە لایەن ئەندازیارانی بەشی شارەوانی و کارەباوە، بەهۆی هەڵە دانانی شوێنی ستوونەكان، دەستکراوە بە هەڵکەندن و گواستنەوی بۆ ئەو شوێنەی کە رێڕەوەکەی گونجاوە و شوێنەکەی لەلایەن فەرمانگەی کارەباوە دیاریی کراوە و تەنیا چەند مەترێک گوازراوەتەوە.

وتیشی، کاندیدەکەمان وەک ئەوە نییە کە لە سۆشیال میدیا بڵاوبووەتەوە دەرنەچووە، بەڵکو بە پێچەوانەوە بە دەنگێکی زۆریشەوە دەرچووە و کورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە.
وەلید خالید ئەوەشی باس كرد، ئەو کەسانەی کە لە ڤیدیۆکەدا قسە دەکەن و باس لەوەدەکەن گوایە ستوونەکانیان لێ وەرگیراوەتەوە، ئێمە ئیجرائاتیان لەگەڵدا دەکەین و ئەو ئەکاونت و پەیجانەشی بابەتەکەیان بەلاڕێدا بردووە، ئێمە رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگرینەبەر و دڵنیاشین لایەنێکی سیاسی دیاریکراو لە پشت ئەو كارەوەیە و مەبەستیان بە ئامانجگرتنی نوێنەرەکەمان بووە.

ئەو کاندیدە ناوی “هند محەمەد ساڵح عەباسی”ـیە و پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی پەرلەمان بووە لە پارێزگای سەڵاحەدین، لە هەڵبژاردنی ئەمجارەش کاندیدی هاوپەیمانی “ئەلعەزم” بووە، بە 7575 دەنگ کورسییەکی پەرلەمانی بەدەستهێناوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

لە به‌عشیقه‌ داوا له ‌كاندیدان کراوە ئاسنه‌ چه‌قیوه...

لە به‌عشیقه‌ داوا له ‌كاندیدان کراوە ئاسنه‌ چه‌قیوه‌كانى پۆسته‌ره‌كانیان لاببه‌ن