ئەو شارەى نەڕام دەکرێت نەڕاو دەکرێت
یادى 241 ساڵەى بنیاتنان و دامەزراندنى شارە حەیاتەکە
964+
وریا فەتاح
رێک 241 ساڵ لەمەوبەر لە ساڵى 1784، یەکەم بەردى بناغە و بنیادنانى سلێمانى لەلایەن ئیبراهیم پاشاى بابان دانرا و بە ناوی باوکی، سولەیمان پاشاوە ناوی نا. بناغەکە بوو بە شارێک کە ئەمڕۆ دواى 241 شارى شاران و شارى رۆشنبیرى و هونەر و شانۆ و ئەدەبە.
لە سێکوچکەى بابان تا گۆڕەکەى ژەنەڕاڵى پایز
سلێمانی، کە بە چوارچێوەی چیا سەربەرزەکانی گۆیژە و ئەزمەڕ و قەیوان و هەورامانەوە خۆی گرتووە، هەر لە سەرەتاوە خاکێکی بەپیت بووە بۆ روواندنی بیری نوێ و هەڵدانی شۆڕش، لێرەوە بوو “نالی” سروودی عیشقی خوێند و “مەحوی” و “سالم” وەڵامیان دایەوە، سێکوچکەی شیعرى کلاسیکی کوردییان دامەزراند و بناغەی قوتابخانەی بابانیان چەسپاند.
ئەم شارە، هەرگیز وشک نەبووە لە دەنگە زیندووەکان، لە “پیرەمێرد”ـی نوێخواز و “گۆران”ـی شۆڕشگێڕەوە تا دەگاتە “شێرکۆ بێکەس”ـی شاعیری ئازادی و “بەختیار عەلی”ـی رۆماننووس، لەوێشەوە بۆ گۆڕەستانى سەیوان و دەچێتە سەر گڵکۆى ژەنەڕاڵى پایز، هەر وشەیەک لەوێ دەنووسرێت، هەر هۆنراوەیەک دەخوێنرێتەوە، دەبێتە مێژوویەکى پڕ شکۆ بۆ شارە حەیاتەکە.
شۆڕش و سلێمانى
مێژووی سلێمانی تەنها لاپەڕەی شیعر و ئەدەب نییە، بەڵکو مێژوویەکى دەوڵەمەندى هەیە لە شۆڕش و بەرخودان، لەو شارەوە “شێخ مەحمودی حەفید” چرای سەربەخۆیی کوردی هەڵکرد و یەکەم حکومەتی کوردی دامەزراند، پاشان ئەم شارەی کردە پایتەخت.
سلێمانی، هەمیشە بووەتە ئامانجی دوژمنان و چەندین جار رووبەڕووی وێرانکاری و بۆمباران بووەتەوە، بەڵام هەرگیز چۆکی دانەداوە هەستاوەتەوە سەر پێ.
کۆڵانەکانى سلێمانى بۆنى رابردوویان لێدێت
سەرەڕاى فراوانى و گەورەبوونەکەى ئێستاى سلێمانى، بەڵام گەڕەکە کۆن و مێژووییەکانی سلێمانی، وەک “کانێسکان” و “سەرشەقام” و “مەڵکەندی” و “چوارباخ” و “دەرگەزێن”، هەریەکێکیان بۆنى رابردوویەکى لێدێت و مێژووى ساڵەهاى ساڵەى سلێمانى دەگێڕنەوە، هەر دیوارێکی قوڕین و دەرگایەکى لەنەخش دروستکراویان شایەتحاڵی سەدان رووداوی گەورە و بچووکن. لە “سابونکەران”ـەوە کە ناوی لە پیشەیەکی کۆنەوە وەرگرتووە تا دەگاتە “گەڕەکی جوولەکان” کە باس لە فرەڕەنگى پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی شارەکە دەکات، هەموویان وەک مۆزەخانەیەکی زیندوو، رابردووی سلێمانییان هەڵگرتووە.
پایتەختى رۆشنبیریى
ئەو مێژوو و رابردووەى سلێمانى لەگەڵ خۆى هێناویەتى، وایکرد ئەمڕۆ شارى شاران، وەک پایتەختی رۆشنبیریی، بە سەدان ناوەندی زانستی و هونەری و رۆشنبیرییەوە، درێژە بە میراتە دەوڵەمەندەکەی بدات، هەر ئەمەشە سلێمانى کردووە بە شارى ئازادى و شارى شکاندنى کۆت و بەند و دیوارەکان، ئەم سیفاتانەش واى کردووە سلێمانى نە رام بکرێت نە راو بکرێت.