بڕۆن پۆستەرەکانتان ببەنەوە
لەماوەی بانگەشەی ھەڵبژاردن لە گەرمیان 63 پێشێلکاری کراوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی گەرمیان لەماوەی بانگەشەی ھەڵبژاردن، ھەڵمەتێکیان ھەبوو بۆ لێکردنەوەی ئەو پۆستەرانەی گرفتی ھاتوچۆ و ناوچەی کوێریان بۆ شۆفێران دروست کردبوو.
سامان عەلی، وتەبێژی ھاتوچۆی گەرمیان بە 964ـی وت، “لە ناوەڕاستی بانگەشەی ھەڵبژاردن 26 پێشێلکاری کاندیدەکانمان تۆمار کردبوو، بەڵام تا کۆتا رۆژی بانگەشە ژمارەی پێشێلکاریەکان زیاتر بوون بۆ 63 پێشێلکاری”.
“ئەو کاندیدانەی کە پێشێلکاریان کردبوو، پۆستەرەکانمان لێکردنەوە، زۆرینەیان گرفتی ناوچەی کوێریان بۆ شۆفێران دروست کردبوو”،سامان عەلی وای وت.
پێش دەستپێکردنی بانگەشەی ھەڵبژاردن، بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی گەرمیان رایگەیاندبوو،”ھەرکاندیدێک پێشێلکاری بکات لە دادگا سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەن”.
لەبارەی ئەوەی ھیچ سکاڵایەکیان تۆمارکردبێت لە دادگا سامان عەلی دەڵێت،”ھیچ سکاڵایەکمان تۆمار نەکردووە، چونکە بەو کاندیدانەمان وت ئەگەر دووبارە پێشێلکاری بکەنەوە دەیاندەنە دادگا، بەڵام ھیچ کەسێکیان پێشێلکاری دوبارەیان نەکردەوە، بۆیە ئێمەش سکاڵامان تۆمار نەکردوە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، پۆستەری سەرجەم کاندیدەکان لە بەڕێوەبەرایەتیمانە، ئەوکات پەیوەندیمان پێیانەوە کرد بێن بیبەنەوە بەڵام ھیچ کەسێکیان نەھاتن، ئێستا ھەڵبژاردن تەواو بووە پەیوەندی دەکەین بە نوێنەری حزبەکانیان بێن پۆستەرەکان ببەنەوە”.