هەشت ساڵ لەمەوبەر روویدا
هێشتا ئاسەواری بوومەلەرزە بەهێزەکە بەسەر چەند شوێنێکی دەربەندیخان ماوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
لە شەوی 12.11.2017 بوومەلەرزەیەکی بەھێز لە قەزای دەربەندیخان بە گوڕی 7.3 پلە بەپێوەری ریختەر روویدا، چوار کەس گیانیان لەدەستدا و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون، لەگەڵ ئەوەشدا زیانێکی زۆری ماددی بەر خانوو و ئۆتۆمبێلی ھاوڵاتیان و بینای فەرمانگەکانیش کەوت.
تا ئێستا بەشێک لە فەرمانگە حکومییەکانی قەزاکە نۆژەن نەکراونەتەوە و کاریگەری بوومەلەرزەکەیان بەسەرەوە ماوە.
سلێمان محەمەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان بە 964ى وت،”کارەساتێکی گەورە بوو کە لە دەربەندیخان روویدا، دوای ھەشت ساڵ هێشتا کاریگەری ئەو بوومەلەرزەیە بەسەر قەزاکەدا ماوە”.
“لەو بوومەلەرزەیە زۆرترین زیان بەر کەرتی تەندروستی کەوت، دوو نەخۆشخانە و ھۆڵی نەشتەرگەری و جێگای مانەوەی پزیشکەکان بەتەواوی زیانیان بەرکەوت و بەکەڵکی بەکارھێنان نەمان، هەرچەندە بەمەبەستی نۆژەنکردنەوە، تێکدران بەڵام تا ئێستاش تەواو نەکراون”، سلێمان محەمەد وای وت.
دەشڵێت، “حکومەت زۆر کەمتەرخەم بووە لە ئاست کاریگەرییەکانی ئەو بوومەلەرزەیە، وەک پێویست ھاوکارمان نەبوون بۆ نۆژەنکردنەوەی فەرمانگە حکومییەکانی قەزاکە”.
لەبارەی قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی زیانیان پێگەیشتبوو، قایمقامی دەربەندیخان وتی ،”تا ئێستا حکومەت یەک دینار قەرەبووی زیانلێکەوتوانی بوومەلەرزەکەی نەکردووەتەوە، تەنیا لەرێگەی رێکخراو و خێرخوازانەوە توانیومانە قەرەبووی بەشێک لە ھاوڵاتیان بکەینەوە”.
سەبارەت بە زیانەکانی سەر کەرتی پەروەردە ھاوار حەمید، بەڕێوەبەری پەروەردەی دەربەندیخان بە 964ى وت، “ھیچ قوتابخانەیەکمان نییە کە بەھۆی بوومەلەرزەکەوە کەڵکی نەمابێت، بەڵام چەند بینایەکمان زیانی بەرکەوتووە و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە ھەیە”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری