"وه‌رزى سه‌رمایه و بازاڕمان باشه "
گه‌نجێكى ته‌قته‌ق به به‌خێوكردنى مراوى هه‌لیكارى بۆ خۆى دابین كردووه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
گه‌نجێكی قه‌زاى ته‌قته‌ق، له‌رێگه‌ى به‌خێوكردنى په‌له‌وه‌ره هالیكارى به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ، بۆ خۆى دروستكردووه، شوێنی تایبه‌تى به به‌خێوكردنیانى هه‌یه و زۆربه‌ى په‌رله‌وه‌ره‌كانى مراوین و ده‌شڵێت، به‌م وه‌رزى سه‌رمایه خه‌ڵك روو له كڕین و خواردنی مراوى ده‌كات.
سەفوان جەلال گه‌نجه‌كه‌یه، جارێ نه‌چووه‌ته ژیانى هاوسه‌رگیرییه‌وه، به‌ڵام له‌ماڵه‌وه له‌گه‌ڵ دایك و برایه‌كی ده‌ژیێت، باس له‌وه‌ده‌كات، نه‌یتوانیوه پۆلی 12ـى بنه‌ڕه‌تى ته‌واو بكات، بۆیه بیری له‌كاركردنى سه‌ربه‌خۆ كردووه‌ته‌وه، دواى ماوه‌یه‌ك بڕیاری داوه كار له‌سه‌ر په‌له‌وه‌ر بكات و نزیكه‌ى 500 به‌چكه مراوى كریووه.
سه‌فوان به 964ـى وت، هه‌ر به‌ته‌نیا مراوى نییه په‌له‌وه‌ری دیكه‌شی هه‌یه، به‌ڵام زۆرترینیان مراوین چونكه شوێنى تایبه‌تى بۆ به‌خێوكردن هه‌یه.
ده‌شڵێت “به‌م وه‌رزى سه‌رمایه خواستێكی زۆر له‌سه‌ر مراوى هه‌یه و له‌كۆى ئه‌و ژماره مراوییه‌ى هه‌بوو ئێستا نزیكه‌ى 300 دانه‌م ماوه”.
باس له‌وه‌ده‌كات، كێش و قه‌باره‌ى مراوییه‌كانى جیاوازه له دوو كیلۆ تاوه‌كو حه‌وت كیلۆیان تێدایه و ده‌شڵێت “به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پڕۆتین بۆ به‌خێوكردنیان به‌كارناهێنم، به‌ڵكو ئه‌و خۆراكه‌ى پێیان به‌خێوده‌كه‌م ماده‌ى خۆماڵین، بۆئه‌وه‌ى گۆشته‌كه‌ى تامى خۆماڵى بدات”.
سۆشیاڵ میدیاى هاوینه‌هه‌وارى ته‌قته‌ق گرته‌ڤیدیۆیه‌كى سه‌فوانیان بڵاوكردووه‌ته‌وه و باسی ئه‌و كاره نوێیه‌ى ده‌كات، ده‌رده‌كه‌وێت كه شوێنى به‌خێوكردنی مراوییه‌كانى تایبه‌ته و حه‌وزه‌ئاوێكیشی بۆ دروستكردوون، كڕیارێك سه‌ردانى ده‌كات و به‌پێویستى زانیوه مراوییه‌كه‌ى سه‌فوان بكڕێت چونكه ده‌ڵێت، دڵنیایه له رێكوپێكى به‌خێوكردنیان.