ئەمڕۆ هەموو شتێكی وت
رۆناڵدۆ: بەم زووانە واز لە یاریكردن دەهێنم
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئاشكرای كرد، بەم زووانە واز لە یاریكردن دەهێنێت و كۆتایی بە كاروانی یاریكردنی دەهێنێت، كە نزیكەی 25 ساڵە بەردەوامە.
رۆناڵدۆ چەند رۆژێک لەمەوبەر ئاماژەی بەوەدا بە نیازە بەم زووانە واز لە یاریکردن بهێنێت، بەڵام ئەمڕۆ سێشەممە 11.11.2025 پێشهاتە نهێنییەکەی روونکردەوە سەبارەت بەوەی کەی کۆتایی بە ژیانی تۆپی پێی دەهێنێت، لەمبارەیەوە ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەری هەیە لە ماوەی “ساڵێک یان دوو ساڵدا” بڕیاری وازهێنانی كۆتایی بدات.
ئەستێرە پۆرتوگالییەکە کە زیاتر لە 950 گۆڵی بۆ هەڵبژاردەكەی و ئەو یانانە تۆمارکردووە، كە یاریی بۆ كردوون، لە کۆتایی ژیانی وەرزشیدا نزیک دەبێتەوە، دوای ئەوەی لە ساڵی 2002 وەک یاریزانێکی لاوانی لە یانەی سپۆرتینگ لیشبۆنە یەکەم یاری خۆی ئەنجامدا، لە چاوپێکەوتنێکیشدا دووپاتیکردەوە کە دەیەوێت بەم زووانە واز لە یاریکردن بهێنێت بۆ ئەوەی کاتێکی زیاتر لەگەڵ خێزانەکەی بەسەر ببات.
مانگی حوزەیرانی رابردوو رۆناڵدۆ گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی نەسڕی سعودی تا ساڵی 2027 نوێکردەوە، هێرشبەرە پۆرتوگالییە تەمەنی 40 ساڵە و ئامانجیشی ئەوەیە بەشداری لە جامی جیهانیی داهاتوودا بکات، کە تاکە نازناوی گەورەیە کە تا ئێستا نەیتوانیوە بەدەستبهێنێت.
رۆناڵدۆ لە رێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە لە میانی لوتکەیەکی جیهانی تایبەت بە گەشتیاری و وەبەرهێنان کە سعودیە میوانداریی کردووە، وتی: لەم قۆناغەدا هەستێکی زۆر باشم هەیە، گۆڵ تۆمار دەکەم، هێشتا هەست بە خێرایی و توانای خۆم دەکەم، چێژ لە کاتەکانم لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانی وەردەگرم، بەڵام، با راستگۆ بین، کاتێک وتم ‘بەم زووانە’، رەنگە مەبەستم ئەوە بووبێت لە ساڵێک یان دوو ساڵی داهاتوودا وازبهێنم”.
رۆناڵدۆ ئاماژەی بەوەدا مۆندیالی داهاتوو کە بڕیارە لە ئەمریکا و کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەبچێت، کۆتایی ژیانی وەرزشی دەبێت لە گەورەترین پاڵەوانیەتیدا و وتی: بە راشكاوی بەڵێ، چونکە لە کاتی پاڵەوانیەتییەکەدا تەمەنم دەبێتە 41 ساڵ.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هەموو شتێکم داوە بە تۆپی پێ، ماوەی 25 ساڵە بەشێک بووم لە یارییەکە، هەروەها ژمارەی پێوانەیی زۆرم بەدەستهێناوە، چ لەگەڵ یانەکان و چ لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانی، زۆر شانازی دەکەم، با چێژ لەم ساتە وەربگرین و بژین.