داوا دەکەن لە کۆلێژی شەریعە وەربگیرێن
قوتابیانی خوێندنی ئیسلامی لە بەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا گردبوونەوە
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
قوتابیانی خوێندنی ئیسلامی لە بەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا گردبوونەوە و داوای وەرگرتن دەكەن لە كۆلێژی زانستی ئیسلامی.
پێشتر قوتابخانەکانی خویندنی ئیسلامی سەر بە وەزارەتی پەروەردە بوون و ئەو قوتابیانەی ئەو بەشەیان تەواو کردووە، مافیان هەبووە لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان بخوێنن، بەڵام ئێستا ئەو بەشە خراوەتە سەر وەزارەتی ئەوقاف و وەزارەتی خوێندنی باڵاش، رەزامەندی نادات بۆ وەرگرتنی ئەو قوتابیانە لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان.
هۆشەنگ عەبدوڵا، قوتابی خوێندنی ئیسلامییە، ئەو بە 964ـی وت، ”كێشەی ئێمە لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی ئەوقافە، ئێمە لەو نێوانە بووینە قوربانی”.
پێشەنگ سلێمان قوتابیەكی دیکەی ناڕازییە و دەڵێت، “زیاتر لە 20 قوتابخانەی خوێندنی ئیسلامی و سێ هەزار قوتابی لە هەموو كوردستان هەن، هاوشێوەی ساڵانی رابردوو دەمانەوێت لە كۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان وەربگیرێین”.
سەبارەت بەو بابەتە 964 پەیوەندیکرد بە عەباس ئەكرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم، ئەو وتی، “بڕیارەكە تەواو یاساییە و پێشتر پێمان راگەیاندوون كە پەیمانگای ئەو قوتابیانە، دوو ساڵە سەربە وەزارەتی خوێندنی باڵایە، نەك خوێندنی حوجرە و قوتابخانەی ئیسلامی”.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر